جیاوازی نێوان بێدەنگ بوون ( سکت) و وەستان (وقف) و پچڕاندن (قطع) چی یە؟

ــ بێدەنگ بوون (سکت): بریتیە لە پچرینی دەنگ لەسەر پیتێکی قورئانی بۆ ماوەیەک کە ئاسایی هەناسەی لێ وەنەگیرێ بەو نییەتەی کە دەست بە خوێندن بکرێتەوە.
ــ وستان (وقف): بریتیە لە وەستان لەسەر پیتی کۆتایی ووشەیەک بە شێوەیەکی ئاسایی و بە نیازی بەردەوام بوون لە خویندنەوەدا.
ــ پچڕاندن (قطع): بریتیە لە وەستان لە خوێندنەوەدا بە نیازی بەردەوام نەبوون، پاشان خۆ خەریک کردن بە شتێکی دیکەوە.

تیکهەڵکێشان (ألإدغام) چی یە؟

بریتیە لە بەیەکگەیاندنی دوو پیت یەکەمیان زەنەدار ( ساکن) و دووەمیان بزواو ( متحرک) بە شێوەیەک دەبن بەیەک پیتی تووندکراو (مشدد) لە ڕەگەزی پیتی دووەم.

ئاشکراکردن (ألإظهار) چی یە؟

بریتیە لە دربڕینی هەموو پیتێک لە شوێنی خۆیەوە بەبێ مینگە (غُنّة).

هەڵگەڕانەوە (قلب) چی یە؟

بریتیە لە گۆڕینی نونی زەنەدار و تەنوین بە پیتی (میم) لەکاتی گەیشتنیان بە پیتی باء (ب) بە مەرجێک مینگەش دروست ببێت.

شاردنەوە (ألإخفاء) چی یە؟

بریتیە لە شاردنەوەی نونی زەنەدار یان تەنوین کاتێک بگەن بە پیتەکانی شاردنەوە لەگەڵ بوونی مینگەدا.

پیتەکانی شاردنەوە (ألإخفاء) چەندن و کامانەن؟

(١٥) پیتن، کۆکراونەتەوە لە پیتە سەرەتاییەکانی ئەم بەیتدا:
صِفْ ذَا ثَـنَا كَمْ جَادَ شَخْصٌ قَدْ سمَا       دُمْ طَيّـَباً زِدْ فِي تُـقَىً ضَعْ ظَالِـمَا

جۆرەکانی وەستان (الوقف) لە قورئانی پیرۆزدا کامانەن؟

١ ــ بە ویستی خۆت (ألوقف الإختياري).
٢ ــ بەناجاری (ألوقف الإضطراري).
٣ ــ بۆ تاقیکردنەوە (ألوقف الإختباري).