بسم الله الرحمن الرحيم

بەشی حەفتەم یاساکانی تەجوید لە هەندێک لە سورەتەکانی قورئاندا

یاساکانی تەجوید لە سورەتی (الفاتحة) / ٢


أَعُوذُ بِاللَّهِ مِنَ الشَّيطَانِ الرَّجِيمِ
﴿بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ١ ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٢ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ٣ مَٰلِكِ يَوۡمِ ٱلدِّينِ ٤ إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ ٥ ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦ صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ ٧﴾

ئایەتی ژمارە (٦)

﴿ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦﴾
  • ٱهۡدِنَا: هەمزەی گەیاندن (هَمزَةُ الوَصل) لە سەرەتای خوێندنەوەدا وەکو (هَمزَةُ القَطع) دەخوێندرێتەوە، بەڵام لەکاتی گەیاندن (وصل)، لادەچێت و گۆناکرێت، لێرەدا هەمزەکە ژێردارە (مکسور) چونکە پیتی سێیەمی کردارەکە ژێردارە. پیتی (هـ ـ هـاء) زەنەدارە و سیفەتی چپە (الْهَمْس)ی تێدایە. پیتی (ئەلف) درێژکروای ئاساییە (٢) جوڵە درێژ دەکرێتەوە لەکاتی وەستان (وقف)، بەڵام لەکاتی گەیاندن (وصل) لادەبرێت بۆ ڕزگار بوون لە بەیەکگەیشتنی دوو پیتی زەنەدار (إلتقِاءُ السَّاكِنَيْن).
  • ٱلصِّرَٰطَ: هەمزەی گەیاندن (هَمزَةُ الوَصل) لە سەرەتای خوێندنەوەدا وەکو (هَمزَةُ القَطع) دەخوێندرێتەوە، بەڵام لەکاتی گەیاندن (وصل)، لادەچێت و گۆناکرێت، لێرەدا هەمزەی سەردارە (مفتوح) چونکە (لام)ی ناساندن لەدوایەوە هاتووە. (لام)ی ناساندن شەمسی‌یەو تێکهەڵکێش (إدغام) دەکرێ لە پیتی (ص ـ صاد). پیتی (صاد) لە کەمترین ئاستی قەڵەوی (تفخیم)دایە لەبەر ئەوەی ژێردارە، هەروەها ئەم پیتە گیرەدارە (مشدد) و سیفەتی چپە (الْهَمْس)ی تێدایە. پیتی (ر ـ راء) بە قەڵەوی (مفخم) گۆدەکرێ لەبەر ئەوەی سەردار (مفتوح)ە. پیتی (ئەلف) درێژکرای ئاساییە (٢) جوڵە درێژ دەکرێتەوە لەکاتی گەیاندن (وصل)، بەڵام لەکاتی وەستان لەسەر کۆتای وشەکە (وَقْف)، پیتی (ئەلف) دەبێت بە درێژکراوی توشهاتوو بە زەنە (المدُّ العارِض للسُّكُون): ٢ ـ ٤ ـ ٦ جوڵە درێژ دەکرێتەوە. پیتی (ط ـ طاء) قەڵەوە (مفخم). لێرەدا پیتی (ط ـ طاء) سەردارە (مفتوح) بۆ ڕزگار بوون لە بەیەکگەیشتنی دوو پیتی زەنەدار (إلتقِاءُ السَّاكِنَيْن).
  • ٱلۡمُسۡتَقِيمَ: هەمزەی گەیاندن (هَمزَةُ الوَصل) لە سەرەتای خوێندنەوەدا وەکو (هَمزَةُ القَطع) دەخوێندرێتەوە، بەڵام لەکاتی گەیاندن (وصل)، لادەچێت و گۆناکرێت، لێرەدا هەمزەی سەردارە (مفتوح) چونکە (لام)ی ناساندن لەدوایەوە هاتووە. لامی ناساندن (لام التعریف) قەمەری‌یە و بەدیاردەخرێ (إظهار) لەبەر ئەوەی پیتی (م ـ میم) لەدوایەوە هاتووە، پیتەکانی دەرخستن لەم دەستەواژەیەدا (إِبْغِ حَجَّكَ وَخَفْ عَقيمَه ) کۆکراونەتەوە. پیتی (س ـ سین) زەنەدارە و سیفەتی چپە (الْهَمْس)ی تێدایە. پیتی (ق ـ قاف) لە کەمترین ئاستی قەڵەوی (تفخیم)دایە لەبەر ئەوەی ژێردارە. پیتی (ي ـ ياء) درێژکرای ئاساییە (٢) جوڵە درێژ دەکرێتەوە لەکاتی گەیاندن (وصل)، بەڵام لەکاتی وەستان لەسەر کۆتای وشەکە (وَقْف)، دەبێت بە درێژکراوی توشهاتوو بە زەنە (المدُّ العارِض للسُّكُون): ٢ ـ ٤ ـ ٦ جوڵە درێژ دەکرێتەوە. .


ئایەتی ژمارە (٧)

﴿صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ ٧﴾
  • صِرَٰطَ: لەپێشەوە باسکرا.
  • ٱلَّذِينَ: سەرەتای وشەکە هەمزەی گەیاندن (هَمزَةُ الوَصل)ه. پیتی (ل ـ لام) شەمسی‌یە وتێکهەڵکێش کراوە لەگەڵ (لام)ی دوای خۆی. پیتی (ي ـ ياء) درێژکرای ئاساییە (٢) جوڵە درێژ دەکرێتەوە لەکاتی گەیاندن (وصل)، بەڵام لەکاتی وەستان لەسەر کۆتای وشەکە (وَقْف)، دەبێت بە درێژکراوی توشهاتوو بە زەنە (المدُّ العارِض للسُّكُون): ٢ ـ ٤ ـ ٦ جوڵە درێژ دەکرێتەوە. پیتی (ن ـ نون) سەردارە (مفتوح).
  • أَنۡعَمۡتَ: سەرەتای وشەکە هەمزەی دابڕێنەر (هَمزَةُ القَطع)ە. پیتی (ن ـ نون) زەنەدارە و نابێ سەردار (مفتوح) یان (قَلْقَلَة) بکرێت.
  • عَلَيۡهِمۡ: پێتی (ع ـ عین) سەردار (مفتوح). پیتی (هـ ـ هـاء) ژیردار (مکسور)ه. زەنەی پیتی (م ـ میم) دەبێ بەجوانی بەدیاربخرێت.
  • غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ: پیتی (غ ـ غین) قەڵەوە و سەردارە (مفتوح) بۆیە لەریزبەندی دوومی قەڵەویدایە (هەر پیتێکی قەڵەوی سەردار کە لە دوای خۆیەوە پیتی ئەلف نەهاتبێ). پیتی (ي ـ ياء) زەنەدارە و لە پیتە نەرمەکانە (اللّين) لەبەر ئەوەی زەنەدارەو پیتی پێشی سەردارە (مفتوح)، بەڵام لەکاتی وەستان لەسەر کۆتای وشەکە (وَقْف)، ٢ ـ ٤ ـ ٦ جوڵە درێژ دەکرێتەوە وەك درێژکراوی توشهاتوو بە زەنەیە (المدُّ العارِض للسُّكُون). پیتی (ر ـ راء) ژێردارە (مکسور) بۆ ڕزگار بوون لە بەیەکگەیشتنی دوو پیتی زەنەدار (إلتقِاءُ السَّاكِنَيْن) کە (ل ـ لام)ی وشەی دوای ئەوە. پیتی (ل ـ لام) قەمەری‌یە و بەدیاردەخرێ (إظهار) لەبەرئەوەی پیتی (م ـ میم) لەدوایەوە هاتووە، پیتی (م ـ میم) سەردارە و پیتی پیتی (غ ـ غین) لێرەدا قەڵەوەو زەنەدارە و لەئاستی یەکەمی قەڵەویدایە (چونکە پیتی قەڵەوی زەنەدار شوێنکەوتووی پیتی پێش خۆیەتی). پیتی (ب ـ باء) ژیردارە. پیتی (هـ ـ هاء)ی وشەی ﴿عَلَيۡهِمۡ﴾ ژێردارە و دەبێ بەجوانی بەدیاربخرێ. پیتی (م ـ میم) زەنەدارە.
  • وَلَا ٱلضَّآلِّينَ: پیتی (و ـ واو) و پیتی (ل ـ لام) سەردارن (مفتوح). پیتی (ئەلف) درێژکراوی ئاسای‌یە (مَدُّ طَبيعيٌّ) ٢ جوڵە درێژدەکرێتەوە لەکاتی وەستان (وَقْف) لەسەری، بەڵام لەکاتی گەیاندن (وَصْل) لادەبرێت و گۆناکرێ بۆ ڕزگاربوون لە بەیەکگەیشتنی دوو پیتی زەنەدار (إلتقِاءُ السَّاكِنَيْن). هەمزەی گەیاندن (هَمزَةُ الوَصْلِ) لەسەرەتای وشەی دووەم گۆناکرێ، هەروەها پیتی (لام)ی ناساندن شەمسی‌یە و تێکهەڵکێش دەکرێ (إدغام)، لەبەر ئەوەی پیتی (ض ـ ضاد) لەدوایەوە هاتووە، بۆیە لە پیتی (ئەلف)ی وشەی پێشوو یەکسەر دەچینە سەر (ض ـ ضاد)، ئەم پیتە گیرەدارە (مشدد) و پیتی (ئەلف) لەدوایەوە هاتووە بۆیە لە ئاستی یەکەمی قەڵەویدایە. پیتی (ئەلف) بە ٦ جوڵە درێژ دەکرێتەوە چونکە دریژکراوی پێویستە (المَدُّ اللّازم) کە لە هەردوو حاڵەتی گەیاندن یاخود وەستان لەسەر وشەکە جێبەجێ دەبێت.


تێبینی /:
١ ــ تێکهەڵکێشکردنی (إدغام) پیتی (ل ـ لام) لە (١٤) پیتدا، کە سەرەتا پیتی هەر وشەیەکی ئەم بەیتە شیعرە دەگرێتەوە، ئە (لام) پێی دەگوترێ لامی شەمسی (اللَّام الشَّمسيَّة):

طِبْ ثُمَّ صِلْ رُحْمًا تَفُزْ ضِفْ ذَا نِعَمْ            دَعْ سُوءَ ظَـنٍّ زُرْ شَرِيفًـا لِلْكَرَمْ


٢ ـ بەدیار خستنی (إظهار) پیتی (ل ـ لام) لە (١٤) پیتدا، کە لەم ڕستەی خوارەوەدا کۆکرایتەوە، ئەم (لام)ە پێی دەگوترێ لامی قەمەری (اللَّامُ القَمَرِيَّة):

أبْغِ حَجَّكَ وَخَفْ عَقِيمَهُ


٣ ـ ئەو درێژکراوەی کە لەکۆتای هەموو ئایەتەکانی سورەتی (الفَاتِحَة) هەیە پێ‌ی دەگوترێ: درێژکراوی توشهاتوو بە زەنە (المدُّ العارِض للسُّكُون)، ئەمەش بەهۆی وەستان (وقف) لەسەر کۆتای وشەکان، وەکو: ﴿ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾. بڕی جوڵەی ئەم پیتە درێژکراوانە (٢) یان (٤) یاخود (٦) جوڵەیە. قورئانخوێن هەر ئاستێکی هەڵبژارد پێویستە تا کۆتایی پابەندی بێت. بۆ نموونە: ئەگەر وشەی ﴿ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ بە دوو جووڵە درێژکرایەوە دەبێ هەموو وشەکانی دیکە بە دوو جووڵە دریژبکرێتەوە، هەروەها ئەگەر بە چوار یان بە شەش جوڵە دڕیژکرایەوە، دەبێ هەموو وشەکانی دیکە ﴿ٱلرَّحِيمِ﴾ ﴿ٱلدِّينِ﴾ ﴿نَسۡتَعِينُ﴾ ﴿ٱلۡمُسۡتَقِيمَ﴾ ﴿ٱلضَّآلِّينَ﴾ بەو ئاستەی کە هەڵبژێردراوە درێژیان بکاتەوە.






گەڕانەوە بۆ لاپەڕەی سەرەکی