بسم الله الرحمن الرحيم

دۆسیەی مانگە ئیسلامییەکان

Print this page
دۆسیەی مانگە ئیسلامییەکان / ٢


7 - Rajab

_ بۆیە بەم ناوە ناونراوە چونکە عەرەبەکان ئەم مانگە بەگەورە دادەنێن و یەکێکە لەمانگەکانی أشهر الحرم .
_ هیچ فەرمودەیەکی سەحیح نەهاتووە سەبارەت بە فەزلی بەرۆژووبون لەم مانگەدا ؛ کەسانێک هەن لەم مانگەدان بەتایەبتی لە (٢٧)ی مانگ بەرۆژوو دەبن و شەوەکەشی زیندوو دەکەنەوە بەبۆنەی ئیسرا و میعراج ئەم کارە بەڵگەی لەبارەوە نەهاتوە و دەبێت بەبیدعە بۆیە نابێت بەم ناوەوە بەرۆژوو ببن و یان شەو نوێژ لەشەوەکەیدا تایبەت بکەن .
شێخی ئیسلام (ابن تيمية‌) ـ رەحمەتى خوداى لێبێ ـ فەرموویەتى : (وأمـا صوم رجب بخصوصه، فأحاديثه كلها ضعيفة، بل موضوعة، لا يعتمد أهل العلم على شيءٍ منها، و ليست من الضعيف الذى يروى فى الفضائل، بـل عامتها من الموضوعات المكذوبة)، مجموع الفتاوي: 25 / 290 – 291).
واتە : تایبەت كردنى ڕۆژوو بە مانگى ڕەجەب ، هەموو ئەو فەرموودانەى كە لەو بارەیوە هاتوون (ضەعيف)ن ـ واتە : لاوازن ـ یان بەڵكو بگرە (موضوع) یشن ـ واتە : نراونەتە دەم پێغەمبەرى خوداوە (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) ـ، زانایان متمانە ناكەنە سەر هیچێكیان، لەو فەرمودە (ضعيف)انەش نین كە لە چاكەكاریەكاندا باس كرابن (واتە: فضائل الأعمال)، بەڵكو زۆرینەى لەو فەرموودە هەڵبەستراوانەیە كە نراونەتە دەم پێغەمبەرەوە (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ)، فەرموودەى درۆن.

ڕووداوی ئیسڕاو میعڕاج (الإسراء والمعراج)
هه‌ڵبه‌ت ڕووداوی ئیسڕاو میعڕاج، گه‌وره‌ترین و به‌رچاوترین ئایه‌ت و نیشانه‌ گه‌وره‌كانی خودای په‌روه‌ردگاره‌، كه‌ تێیدا ڕاستێتی و به‌رزی و پله‌و پایه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) ده‌رده‌خات لای خۆی و پاشان ئوممه‌ت و شوێنكه‌وتووانی لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ حاڵ و مه‌قامی لای خودا چۆنه‌، هه‌روه‌ك به‌ڵگه‌ی تواناو هێزی خوای گه‌وره‌ش ده‌خاته‌ ڕوو.
خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:
﴿سُبۡحَٰنَ ٱلَّذِيٓ أَسۡرَىٰ بِعَبۡدِهِۦ لَيۡلٗا مِّنَ ٱلۡمَسۡجِدِ ٱلۡحَرَامِ إِلَى ٱلۡمَسۡجِدِ ٱلۡأَقۡصَا ٱلَّذِي بَٰرَكۡنَا حَوۡلَهُۥ لِنُرِيَهُۥ مِنۡ ءَايَٰتِنَآۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلۡبَصِيرُ ١﴾. الاسراء
واته‌: پاکی و بێگه‌ردی و ستایش بۆ ئه‌و زاته‌ی که شه‌وڕه‌وی کرد له به‌شێکی که‌می شه‌ودا به‌به‌نده‌ی خۆی (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) له مزگه‌وتی (حرام، که‌عبه‌ی پیرۆزه‌وه‌) بۆ مزگه‌وتی (الاقصی) له (بیت المقدس) که ده‌وروبه‌ریمان پیرۆزو پڕ به‌ره‌که‌ت کردووه‌، تا هه‌ندێك نیشانه‌و به‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵاتداری و توانایی خۆمانی نیشان بده‌ین، به‌ڕاستی ئه‌و زاته بیسه‌رو بینایه‌.
(ئیسرا) و (میعراج) لە قۆناغێکی زۆر ناسك و مەترسیدار لە ژیانی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ)دا بوو، ئەو دەمە کە زۆر ماندو و خەستە بوو، بەڵام بەم رووداوە گرنگە مێژووییە ئاسۆی ئاسمانی لێ درەوشایەوەو، ھیواو ئومێدێکی بەخۆی و بەیارانی بەخشی، (نەوەویی) و (قورتوبی) دەڵێن: ئەو رووداوەیە پێنج ساڵ پاش پێغەمبەرێتی بوو، خاوەنی کتێبی (الرحیق المختوم) دەڵێ: لە (٢٧/ی (ڕەجەب )ی ساڵی (١٠ )ی پێغەمبەرێتی‌دا بوو، لەگەڵ ھەندێ ڕاو بۆچوونی بڕێ لەزاناکانی تر. (ئیبنولقەییم)یش دەڵێ: قسەی راست ئەوەیە کە ئەو شەوڕەویە بە (جەستە)ی پیرۆزی بوو، وە لە مزگەوتی (حەرام)ـەوە بۆ مزگەوتی (قودس) بەسواری (بوراق) و ھاوڕێتی (جبریل) بوو، جا لە قودس دابەزیی و پێش نوێژی بۆ پێغەمبەرەکان (علیھم الصلاة والسلام) کرد و ھەر لەوێش (بوراق)ی بە ئەڵقەیەکی دەرگای مزگەوتەکەوە بەستەوە، پاشان ھەر ئەو شەوە لە (بیت المقدس)ـەوە بەرز کرایەوە بۆ ئاسمانی دنیاو لەوێوە بۆ (سدرة المنتھی)، پاش ئەو ( بیت المعمور)، ئەوجا بەرزتر چوو تا بەدیداری خوای گەورە شاد دەبێ و لێیەوە نزیك دەبێتەوە، ھەر بەقەد دوو (کەوانی) ما، یان نزیکتر، لەوێ ھەرچی پێویست بوو بۆ ئەو قۆناغە وەحیی بۆکردو تێیگەیاند، لەوانە (٥٠) ڕکات نوێژی لەسەر ئوممەتەکەی فەرز کرد، پاشان بەتەگبیرو راوێژی موسا (عَلَيهِ السَّلام) تکای لەخودای میھرەبان کرد ھەتا بۆی کەمکردەوەو کردی بەم پێنج (٥) نوێژەی ئێستا. زۆری دیکە كه‌ له‌ فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌كانی پێغه‌مبه‌ر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) دا هاتوون.

چەند بیدعەیەک و داهێنراوێک لەم مانگەدا:
ـــ تایبه‌تكردنی مانگی ڕه‌جه‌ب به‌ نوێژی ڕه‌غائب یان زیندووكردنه‌وه‌ی شه‌وی (٢٧) به‌و گومانه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ شه‌وی شه‌وڕه‌وی و بڵندبوونه‌وه‌ (الأسراء والمعراج)ه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ بیدعه‌ و داهێنراون و دروست نین، وه‌ هیچ ئه‌سڵ و بنه‌مایه‌كیان نیه‌ له‌ شه‌رعدا. وه‌ به‌ڕاستی لێكۆڵه‌ره‌وانیش له‌ ئه‌هلی عیلم به‌ته‌واوی هۆشدارییان داوه‌ به‌م مه‌سه‌لانه. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ له‌ خه‌ڵكی له‌ یه‌كه‌م شه‌وی جومعه‌ی مانگی ڕ‌ه‌جه‌بدا ده‌یكه‌ن. وه‌ هه‌روه‌ها ئاهه‌نگگێڕان له‌ شه‌وی (٢٧) به‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ شه‌وی ئیسرا و میعراجه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ بیدعه‌ن و هیچ بنه‌مایه‌كیان له‌شه‌رعدا نیه‌. وه‌ شه‌وی ئیسرا و میعراج نازانرێت كه‌ی بووه‌ و چ شه‌وێكه‌ و‌ ئه‌گه‌ر زانراش، دروست نیه‌ ئاهه‌نگی بۆ بگێڕیت، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ئاهه‌نگی پێوه‌ نه‌گێڕاوه‌ و زیندوی نه‌كردۆته‌وه. هه‌روه‌ها جێنیشینه‌ ڕاشیده‌كان و هاوه‌ڵه‌كانی دیكه‌ش (خودا لێیان ڕازی بێت).
جا ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ سوننه‌ت بوایه، ئه‌وه‌ ئه‌وان له‌پێش ئێمه‌دا ده‌یانكرد و ده‌بوونه‌ پێشه‌نگ بۆمان.




8 - Sha'baan

_ هۆکاری ناونانی بەم ناوەوە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە عەرەبەکان لەم مانگەدا بڵاو دەبوونەوە بۆ جەنگ کردن لەدوای ئەوەی کە لەمانگی رەجەب لێیان قەدەغە کرابوو .
_ بەرۆژووبون لەم مانگەدا بەگشتی زۆر خێرە و پێغەمبەری خودا (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) زۆر تێیدا بەرۆژوو بووە، بەڵام لەفەرمودەدا هاتووە کە مانگی شەعبان بەنیوە بوو نابێت ئەوکەسانە بەرۆژوو ببن کە عادەتی نەبوبێت رۆژووی سونەت بگرێت ئەوە نابێت بەرۆژووبێت هەتا ئەوکاتەی مانگی رەمەزان دێت، پێغەمبەری خودا (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) فەرمویەتی: «إذا انتصف شعبان فلا تصوموا». رواه أبو داود : (3237) والترمذى: (738) وابن ماجه (1651) وصححه الألبانى فى صحيح الترمذى.
واتە : ئەگەر مانگی شەعبان بەنیوە بوو بەرۆژوو مەبن - هەتا مانگی رەمەزان دێت - . لەشەرحی ئەم فەرمودەیەدا زانایان فەرمویانە ئەم فەرمودەیە باس لەوکەسانەیە کە عادەتیان نیە رۆژووی سونەت بگرن و بەتایبەت دێن لەنیوەی شەعبان بەدواوە بەرۆژوو دەبن، بەڵام ئەوکەسانەی عادەتیانە رۆژانی دووشەم و پێنج شەم بەرۆژوو دەبن یان رۆژ نا رۆژێك بەرۆژوو دەبن يان لەسەرەتای مانگی شەعبانەوە دەستی کردوە بە گرتنی رۆژووی سونەت لەم مانگەدا دروستە و ئاساییە لەنیوەش بەدواوە بەرۆژوو ببێت یان کەسێک قەرزی رەمەزانی لەسەرە بۆ ئەویش دروستە و ئاساییە لەنیوەی شەعبان بەدواوە رۆژوەکانی بگرێتەوە، والله أعلم .
_ وە سەبارەت بەتایبەت‌کردنی عیبادەت بەرۆژی ١٥ ی ئەم مانگە یان شەوەکەی هیچ بەڵگەیەکى لەسەر نییە تەنها ئەوە نەبیت کە خواى گەور لەو شەوەدا دادەبەزێتە ئاسمانی دونیا ولە هەموو خەڵکی خۆش دەبێت جگە لە کەسێك کە موشریک بیت یان کەسیك رقەبەری لەگەڵ موسڵمانیك بکات .
_ وە لە ئیسلامدا شەوی بەرات و ڕۆژی بەرات نیە و هیچ جۆرە بۆنە و عیبادەتێكی تایبەت نیە لە شەو و ڕۆژی ١٥ ی شەعباندا ، وە هەر شتێك بەو بۆنەیەوە بكرێت بیدعەیە و تاوانە چونكە پێچەوانەی شەرع و ئیسلامە.

چه‌ند ڕووداێك له‌ مانگی شەعبانداڕوویان داوه

١ ــ گۆڕینی ڕووگه‌ (تحویل القبلة):
له‌ شه‌عبانی ساڵی ٢٢ی كۆچی (شوباتی ٦٢٤ی زایينی)، خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی دا به‌ گۆڕینی ڕووگه‌ له‌ (بیت المقدس)ه‌وه‌ بۆ (مسجد الحرام).
٢ ــ فه‌رزبوونی ڕۆژوو:
له‌ شه‌عبانی ساڵی ٢ی كۆچی (شوباتی ٦٢٤ی زایینی) پێش شه‌ڕی به‌در، خوای گه‌وره‌ ڕۆژووی ڕه‌مه‌زانی له‌سه‌ر موسڵمانان فه‌رز كرد، كاتێك فه‌رمووده‌ی خودا (سبحانه ‌وتعالی) هاته‌ خواره‌وه‌:
﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ كُتِبَ عَلَيۡكُمُ ٱلصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِكُمۡ لَعَلَّكُمۡ تَتَّقُونَ ١٨٣﴾. البقرة
واتە: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه ڕۆژووی ڕه‌مه‌زان له‌سه‌رتان پێویست كراوه هه‌ر وه‌كو له‌سه‌ر گه‌لانی پێش ئێوه پێویست كرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی خواناسی و پارێزكاری بكه‌ن.
٣ ــ فه‌رزبوونی شه‌ڕ
له‌ شه‌عبانی ساڵی ٢ی كۆچی (شوباتی ٦٢٤ی زایینی) خوای گه‌وره‌ جیهادی له‌سه‌ر موسڵمانان واجب كرد؛ مۆڵه‌تی شه‌ڕكردنی پێدان له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانیان و ئه‌وانه‌ی دژیان ده‌جه‌نگن، فه‌رمووده‌ی خودا هاته‌ خواره‌وه‌:
﴿وَقَٰتِلُواْ فِي سَبِيلِ ٱللَّهِ ٱلَّذِينَ يُقَٰتِلُونَكُمۡ وَلَا تَعۡتَدُوٓاْۚ إِنَّ ٱللَّهَ لَا يُحِبُّ ٱلۡمُعۡتَدِينَ ١٩٠﴾. البَقَرَة
واتە: بجه‌نگن له پێناوی ڕێبازی خوادا دژی ئه‌وانه‌ی كه دژتان ده‌جه‌نگن، نه‌كه‌ن ده‌ستدرێژی بكه‌ن (دژی ژن و مناڵ و ماڵات و... هتد) چونكه به‌ڕاستی خوا ئه‌و ده‌ستدرێژكه‌رانه‌ی خۆش ناوێت.
٤ ــ غه‌زوه‌ی به‌دری دووه‌م (به‌دری گچکە‌)
له‌ شه‌عبانی ساڵی ٤ی كۆچی (کانوونی دووه‌می ٦٢٦ی زاينی) پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) به‌ هه‌زاروپێنجسه‌د كه‌سه‌وه‌ له‌ مه‌دینه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌و به‌در بۆ به‌یه‌كگه‌یشتن له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕانی قوره‌یش به‌سه‌ركردایه‌تیی ئه‌بووسوفیانی كوڕی حه‌رب.
٥ ــ غه‌زوه‌ی (بنی المصطلق)
له‌ شه‌عبانی ساڵی ٦ی كۆچی (کانوونی یه‌که‌می ٦٢٧ی ز) غه‌زوه‌ی (بنی المصطلق) یان (المریسع) ڕووی دا.
٦ ــ ڕووداوی ئیفك (بوختانی هه‌ره‌گه‌وره‌)
له‌ مانگی شه‌عبانی ساڵی ٦ی كۆچی (کانوونی یه‌که‌می ٦٢٧ی ز)، دووڕووەکان بۆختانیان بۆ عائیشە (رَضِيَ اللهُ عَنْها)ی دایکی ئیمانداران هەڵبەست.