تەجوید مانای چییە؟
وشەی تەجوید لە زمانەوانیدا واتە (تحسین) یانی: جوانکردن، چاک کردن. وەکو دەڵێت (ألإتيانِ بالجَيّدْ) بەمانای کاری باشکردن.
لەزاراوەشدا: ئەو زانستەیە کە قورئانخوێن فێری چاک خوێندنەوەی قورئان دەکات. یاخود بەو زانستە دەگوترێ کە بەهۆیەوە هەر پیتێک لە پیتەکانی قورئان حەقی خۆی بدەیتێ (وەک دەرچوونی پیتەکە لە شوێنی دەرچوونی خۆی وە پێدانی سیفەتە بنەڕەتییەکانی وەک چپە ( هَمْسْ ) وە بڵندی( إِسْتِعلاءْ ) کە لەسیفەتی پیتەکان ( صفات الحروف ) باسیان دەکەین. هەروەها پێدانی ئەو سیفەتانەی کە تووشی پیتەکان دێت وەک گەورە کردن و تێهەڵکێشان و مینگە، واتە ( سیفاتی لاوەکی و زیادە ئەو سیفەتەی بۆی دروست دەبیت ).
جا بەکورتی دەتوانین بڵێین تەجوید زانستێکە ئەو بنەماو یاسایانە ڕووندەکاتەوە کە پێویستە ڕەچاو بکرێن لەکاتی قورئان خوێندندا، بەو شێوەیەی کە لەپێغەمبەری خوداوە (صلَّى الله عليه وسلَّمَ) بیستراوە.
سوودی تەجوید چییە؟
گەیشتنە بەوپەڕی زمان پاکی و دوورکەوتنەوە لە هەڵەکردن لەقورئان خوێندندا بەو شێوە ڕەوان و ڕەسەنەی کە لەپێغەمبەرەوە هاتووە
ئایا بڕیاری شەرع لەسەر ئەو زانستە چییە، فەرزە یان نا ؟
بوونی ئەو زانستە لەناو کۆمەڵگەی مسوڵمان نشیندا فەرزی کیفایەیە بەلام کارپێکردنی لەسەر قورئان خوێنان فەرزی عەینە گەورە بن یا گچکە، لەڕووی تیۆری یەوە فێربوبن یان نا.
إبن الجزري ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێ:
والأَخْذُ بالتَّجويدِ حَتْمٌ لازِمٌ مَنْ لَمْ يُجَوِّدِ القُرآنَ آثِمٌ
لِأِنَّهُ بِهِ الإلَهَ أنْزَلا وَهَكَذا مِنْهُ إِلَيْنَا وَصَلَا
وَهُوَ أَيْضَاً حِلْيَةُ التِّلاوةِ وَزِينَةُ الأَداءِ والقِرَاءةِ
وَهُوَ إِعْطَاءُ الحُروفِ حَقَّها مِنْ صِفَةٍ لَهَا وَمُسْتَحَقَّها
مینگە چییە ؟
مینگە واتە ( ألغُنَّة ): بریتیە لە دەنگێک کە لەبۆشایی لووتەوە ( ألخيشوم ) دەردەچێت، لە زمانی عەرەبی دا لەگەڵ هەردوو پیتی میم و نوون دەبێت.
مەبەستمان لە دەریچەی پیتەکان چییە ؟
مەبەستمان ئەو شوێنانەن کە دەنگی پیتەکانیان لێ دەردەچێت، وە ژمارەیان پێنج دەریچەن.
مەبەست لە ( أللحن ) لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا چییە ؟
أللحن: واتە هەڵەکردن، ئەویش دوو جۆری هەیە:
١ ـ هەڵەکردنی ئاشکرا ( أللحن ألجَليّ )
٢ ـ هەڵەکردنی شاراوە ( أللحن ألخفيّ )
نوونی زەنەدارو تەنوین چەند یاسایان هەیە ؟
چوار یاسا:
ـــ دیارخستن ( ألإظهار ).
ـــ هەڵگەڕان ( ألقلب ).
ـــ تێکهەڵکیشان ( ألإدغام ).
ـــ شاردنەوە ( ألإخفاء ).