بسم الله الرحمن الرحيم

ئایا دەزانی؟ کۆمەڵێك زانیاری دەربارەی قورئانی پیرۆز

زانیاری دەربارەی قورئانی پیرۆز

پ/   پێناسەی قورئانی پیرۆز چیە؟
و/   قورئان ناوی کتێبێکی عەرەبییە، وتەی خودای باڵادەستە، پرۆگرام و ڕیگەی ژیانە، لەڕێگەی جبریل (عليهِ السَّلام )ـەوە خودای گەورە بە وەحی دایبەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەری نازدارمان محمد (صَلّى الله عَلَيهِ وسَلَّم)، ئەویش بە باشترێن شێوە گەیاندوویەتی بەئێمە.

پ/   مانای وشەی قورئان چیە؟
و/   قورئان لە عەرەبیدا لە وشەی (قرأ) وەرگیراوە کە بەمانای خوێندنەوە دێت، و بنچینەی ئەویش لە وشەی (ألقراءة) وەرگیراوە کە بە مانای کۆکردنەوە و لە خۆگرتن دێت. هەندێ‌ لە زانایان دەەفەرموون: خودای گەورە بۆیە قورئانی ناو ناوە (قرآن)، چونكە بەروبوومی هەموو كتێبە پێشووەكانی دیکەی خودای گەورەی لە خۆیدا كۆكردۆتەوە، بەڵكو بەرهەمی هەموو زانستەكانی لە خۆگرتووە.

پ/   یەکەم ئایەت لە قورئانی پیرۆزدا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتۆتە خوارێ کامەیە؟
و/   پێنج ئایەتی یەکەمی سورەتی العلق (٩٦) کە بە: ﴿اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ ١﴾ دەست پێ‌دەکات.

پ/   مانای سروش (وحي) چیە؟
و/   سروش (وحي) بریتیە لە فەرمایشت کردن و ڕێڕوونی کردن و ئاڕاستە کردنی خودای پەروەردگار بۆ پێغەمبەرانی (عليهم الصلاة والسلام).

پ/   تەمەنی پیرۆزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند ساڵ بووە کە بۆ یەکەمین جار (وحي) بۆهاتۆتە خوارەوە؟
و/   لە تەمەنی (٤٠) ساڵیدا خودای گەورە بە (جبریل)دا (وحي) بۆ نارد (هەندێک لە زانایان دەڵێن: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەمەنی (٤١) ساڵ بووە کە بۆ یەکەمین جار (وحي) بۆ هاتۆتە خوارێ.

پ/   هاتنی (وحي) کە بۆ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) هاتۆتە خوارەوە بۆ یەکەم جار لە چ ساڵ و مانگ و شەوێک دابووە؟
و/   سەرەتای هاتنی (وحي) و دابەزینی قورئان لە ساڵی (٦١٠)ی زاینی لە شەوێك لە شەوە تاکەکانی دە (١٠) شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان، لە ئەشکەوتی (حراء) هاتۆتە خوارێ. ئەو شەوەش لە قورئانی پیرۆزدا بە شەوی قەدر ( ليلةُ القَدر) ناونراوە.

پ/   ماوەی چەند ڕۆژ (وحي) پچڕا دوای دابەزینی یەکەم؟
و/   پچڕانی (وحي) بۆ ماوەی نێوان دابەزینی سوورەتی (العلق) و سەرەتای سوورەتی (ألمدَّثِّر)، واتە: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ماوەی (٩) يان (١٠) ڕۆژ (وحي) لێ بڕا.

پ/   قورئانی پیرۆز بەچەند قۆناغ هاتۆتە خوارێ؟
و/   قورئانی پیرۆز بە (٣) سێ قۆناغ هاتۆتە خوارێ:
ـــ قۆناغی یەکەم هاتنە خوارێی لەلایەن خودای گەورەوە (عزَّ وجلّ) بۆ أللوح ألمحفوظ .
ـــ قۆناغی دووەم لە ( أللوح ألمحفوظ )ـەوە بۆ ( بيت العزة ) لە ئاسمانی دونیادا.
ـــ قۆناغی سێیەم لە ( بيت العزة )ی ئاسمانی دونیاوە بۆ سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەش بەش بە هۆی جبریل (عليه السلام)ـەوە.

پ/   پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چۆن قورئانی گەیاندوە؟
و/   پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە دوو ڕێگە قورئانی گەیاندوە:
١ ــ بە نوسین (مكتوباً)، کاتێک کە بەشێک لە قورئان هاتووەتە خوارێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانی بە نووسەرانی سروش ( وەحی ) کردووە کە بینووسنەوە تا کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وەفاتی کردووە هەموو قورئان نوسرابۆوە.
٢ ــ بە خوێندنەوەی ( منطوقاً ) بەسەر هاوەڵەکاندا (رضي الله عنهم)، ئەوانیش گواستویانەتەوە بۆ دوای خۆیان.

پ/   ئەو حوکمانەی کە لە قورئاندا هاتووە چەند جۆرن؟
و/   ئەو حوكمانەی كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە سێ جۆرن:
یەكەم: ئەو حوكمانەی كە پەیوەندی بە بیرو باوەڕ ( عقيدة )ـەوە هەیە بۆ نمونە بیرو باوەڕ بە خودا، فریشتەكان، كتێبە ئاسمانیەكان، پێغەمبەران ڕۆژی دوای..هتد
 دووەم: ئەو حوكمانەی كە پەیوەندی بە ڕەوشت و ڕەفتارمانەوە هەیە.
سێیەم: ئەو حوكمانەی كە پەیوەندیان بە كردارەوە هەیە، وە ئەمەش دەكرێت بە دوو بەشەوە:
١ ــ پەرستنەكان ( عیبادات ) ئەو كردەوانەی كە پەیوەندی هەیە بە مرۆڤەكان لەگەڵ خودای مەزن وەكو نوێژو ڕۆژو زەكات و حەج و ئەو جۆرە شتانە.
٢ ــ پەیوەندی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتریدا بۆ نمونە وەكو پەیوەندی ژن و ژن خوازی، جیابونەوە، كڕین و فرۆشتن، كوشتن، سنورەكان، سیاسەتی دینی و .... هتد

پ/   هه موو قورئانی پیرۆز بە چەند ساڵ هاتە خوارەوە؟
و/   (٢٣) بيست و سێ ساڵ.

پ/   حیکمەتی بەش بەش هاتنە خوارەوەی قورئان بۆ سەر پێغەمبەر (صَلّى الله عَلَيهِ وسَلَّم ) چیە؟
و/   هەموو قورئان بۆ سەر پێغەمبەر (صَلّى الله عَلَيهِ وسَلَّم ) بە جارێک نەهاتە خوارەوە، جار هەبوو سورەتێک بە تەواوی دەهاتە خوارەوە، جاریش هەبوو چەند ئایەتێک لە سورەتێک دەهاتە خوارەوە، حیکمەتی بەش بەش هاتنە خوارەوەی قورئان بۆ ئەوە بوو:
١ ــ کە پێغەمبەر (صَلّى الله عَلَيهِ وسَلَّم) بەرگەی بگرێت و هەردەم بەسەر لەنوێ هاتنە خوارەوەی سروش (وحي) لەلایەن جبریلەوە (جلّ جَلالُه) تواناو گوڕەتێنی پێغەمبە (صَلّى الله عَلَيهِ وسَلَّم) زیاتر بێت و زیاتر توانای بەرەنگاربوونەوەی زبری و هێرشی بێباوەڕانی هەبێت، چونکە ئەوان لە سەرەتای پێغەمبەرایەتی‌یەوە زۆر دژایەتی پێغەمبەریان (صَلّى الله عَلَيهِ وسَلَّم) دەکرد، وەك خودای گەورە (عليهِ السَّلام) دەفەرموێ:
﴿وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْلَا نُزِّلَ عَلَيْهِ الْقُرْآنُ جُمْلَةً وَاحِدَةً ۚ كَذَٰلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِ فُؤَادَكَ ۖ وَرَتَّلْنَاهُ تَرْتِيلًا ٣٢﴾ ألفُرقان.
واتە: کافرەکان دەیانگوت: ئەو بۆ قورئان بەیەک کەڕەت بۆی ڕەوانە ناکرێت، بێگومان ئێمە هەر بەو شێوەیە ڕەوانەی دەکەین، تا دڵی تۆ (ئەی محمد) بەو قورئانە دامەزراوو بەهێز بکەین‌و، بەڕێک و پێکی و هێدی هێدی، بۆتمان خوێندەوە (لەسەر زمانی جبریل).
٢ ــ ھەروەک ئەو بەشبەش ڕەوانە کردنە حیکمەتێکی پەروەردەیی گەورەیشی ھەبوو، ئەویش ئەوەیە موسڵمانان فێر بن لە زانست و پەیڕەوی حوکمەکانی دیندا پلەبەندی و ھەنگاو بەھەنگاو فێربن، تا ھەم فێربوون و ھەم تێگەیشتنی ئاسانتر بێت بۆیان و بە ئاسانی لەو تاریکی و کوفر و بێباوەڕیەی ھەبووەو ھەیە دەرباز بن و بچنە ناو رووناکی ئیمان و زانست و یەکخواپەرستی.

پ/   ژمارەی سورەتەکانی قورئانی پیرۆز چەندە؟
و/   ژمارەی سورەتەکان (١١٤) سورەتن.

پ/   ژمارەی ئایەتەکانی قورئان چەندە؟
و/   ژمارەی ئایەتەکان (٦٢٣٦) ئایەتن.

پ/   قورئانی پیرۆز چەند جوزئە؟
و/   (٣٠) سی جوزئە.

پ/   قورئانی پیرۆز چەند حزبە؟
و/   (٦٠) حزبە "هەموو جوزئێك دوو حزبە و هەموو حزبێك دابەش کراوە بەسەر چار بەشداو هەر بەشێک لەوانە پێ‌ی دەگوترێ (ربع الحزب)".

پ/   یەکەم کەس کە قورئانی پیرۆزی لەبەربوو کێ بوو؟
و/   خودی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی .

پ/   هەندێک لەو هاوەڵانەی قورئانیان لەبەربوو کێ بوون؟
و/   لە پیاوان: أبوبكر، عمر، عثمان، علي، إبن مسعود، أبوهريرة، عبدالله بن عباس و، عبدالله بن عمرو بن العاص.
 لە ئافرەتان: عائشة، حفصة و، أم سلمة. (خودای گەورە لێ‌یان ڕازی بێت)

پ/   دوا ئایەتی قورئانی پیرۆز کە بۆ پێغەمبەر (صَلّى اللهُ عَليهِ وسَلَّم) هاتۆتە خوارەوە لەلایەن خودای گەورە کامەیە؟
و/   ئایەتی (٢٨١)ى سورەتی (ألبقرة): ﴿وَاتَّقُوا يَوْمًا تُرْجَعُونَ فِيهِ إِلَى اللَّـهِ ثُمَّ تُوَفَّىٰ كُلُّ نَفْسٍ مَّا كَسَبَتْ وَهُمْ لَا يُظْلَمُونَ ٢٨١﴾.
واتە: (لە سزاو تۆڵەی ڕۆژێك بترسن، کە تێیدا بۆلای خودای گەورە دەگەڕینەوە، لەوەو دوا هەموو کەس پاداشتی کارو کردەوەی خۆی وەردەگرێ و کەس ستەمی لێ‌ناکرێ) ..... ئەوەش هەشتاو یەك ڕۆژ پێش کۆچی دوایی کردنی پێغەمبەر (صَلّى اللهُ عَليهِ وسَلَّم) بوو.

پ/   پێغەمبەر (صَلّى اللهُ عَليهِ وسَلَّم) بۆ کێ دوو جار قورئانی خوێندەوە ئەو ساڵەی کە کۆچی دوایی کرد؟
و/   بۆ جبریل (عَلَيهِ السَّلام).

پ/   ئایا قورئانی پیرۆز لە کاتێك پێغەمبەر (صلّى الله عَلَيهِ وسَلَّم) لە ژیاندا مابوو نوسرایەوە یان نا؟
و/   بەڵێ، قورئانی پیرۆز نوسرایەوە بەڵام کۆ نەکرایەوە لە شێوەی کتێبێك.

پ/   جیاوازی لە نێوان سوورەتی (مەککی) و سوورەتی (مەدەنی) چیە؟
و/   سوورەتی (مەککی) ئەو سوورەتەیە کە پێش کۆچ کردن بۆ (مەدینە) هاتۆتە خوارێ، سوورەتی (مەدەنی)ش ئەو سوورەتەیە کە دوای کۆچکردنی پێغەمبەر (صَلّى الله عَلَيهِ وسَلَّم) بۆ (مەدینە) هاتۆتە خوارێ.

پ/   چ سورەتێك یەکەم سورەتە، کە بەیەك جار هاتبێتە خوارەوە؟
و/   سورەتی (ألمُدَّثِّر)، بە یەک جار هاتۆتە خوارەوە.

پ/   لە سەردەمی کامە خەلیفەی ڕاشدین قورئانی پیرۆز لە زاری پیاواندا کۆکرایەوە؟
و/   قورئانی پیرۆز لە کاتی ئەبو بەکری صديق (خودا لێ‌ی ڕازی بێ) لە زاری پیاواندا کۆکرایەوەو کرایە یەک کتێب.