Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

سەرەتا پێشەکی


الحَمدُ للهِ وَحدَهُ، والصَّلاةُ والسَّلامُ عَلى مَن لا نَبِيَّ بَعدَهُ، نَبِيِّنا مُحَمَّدٌ وعَلى آلِهِ وصَحبِهِ

خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿ الَّذِينَ آتَيْنَاهُمُ الْكِتَابَ يَتْلُونَهُ حَقَّ تِلاَوَتِهِ أُوْلَئِكَ يُؤْمِنُونَ بِهِ وَمن يَكْفُرْ بِهِ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ ١٢١﴾. ألبقرة.
واتە: دەستەیەك لەوانەی کە کتێبمان پێبەخشیون ( قورئان ) بەچاکی و بە وردی دەوری دەکەنەوە، ئەوانە باوەڕیان پێی هەیەو باوەڕی پێ‌دەهێنن، بەڵام ئەوەی بڕوای پێی نەبێت، ئا ئەو جۆرە کەسانە لە خەسارەتمەندو زەرەرمەندەکانن.

خۆشەویستان:
خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز فەزلێکی زۆر گەورەی هەیە وە هۆیەکە بۆ چەندان چاکەو پاداشت لای خودای گەورەو میهرەبان، کە لەو ئایەتەی سەرەوە باسمان لێکرد. هەروەها پێغەمبەری خودا (صلَّى الله عليه وسلَّمَ) دەربارەی فەزڵی قورئان فەرموویەتی:
«إقرأوا القرآن فَإِنَّهُ يأتي يَومَ القيامَةِ شَفيعاً لأَصحابِهِ». واتە: قورئان بخوێنن چونکە لەڕۆژی دوایی دا تکاکارە بۆ خاوەنەکانی.

هەروەها فەزڵی دیکەی زۆری هەیە کە لە زۆر فەرموودە ڕاستەکان باسی لێکراوە. بۆیە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین ئەو خێرو فەزڵانەی قورئان خوێندن لەخۆمان نەکەین گەرنا سەرگەردان و دڵ نەخۆش دەبین، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خودا پەنامان بدات توشی دەردو بەڵا دەبین، جا یەکێك لەو بەڵاو نەخۆشیانە ـ بگرە سەخترینیان ـ بریتی‌یە لە دوورکەوتنەمان لە قورئانی پیرۆز لە کەلامی پەروەردگار لەبەرنامەو یاسای ژیان، هەر لەڕووی حوکم و یاساو دەستورەوە و هەم لەڕووی فێربوون و گوتنەوەو هەم لەڕووی زانستەکانیەوەو هەم لەڕووی لەبەرکردن و دەورکردنەوەو خوێندنیەوە. جا بێگومان چارەسەری سەرەکیش بۆ ڕزگاربوونمان لەهەموو نەخۆشی و گیروگرفتەکانی ژیان بریتی‌یە لە گەڕانەوەمان بۆلای قورئانی پیرۆزو خوێندوەو گوتنەوەو فێربوون و ورد لێبوونەوەی و تێگەیشتن لێی و کارپێکردنی، جا یەکێك لەهۆکارە سەرەکی‌یەکان بۆزیاتر نزیك بوونەوەو چێژوەرگرتن لە قورئان بریتی‌یە لە زانستی هونەری تەجوید واتە: پەیڕەوکردنی ئەو یاسایانەی کە پێویستە ڕەچاوبکرێن لەکاتی قورئان خوێندندا، بەو شێوەیەی کە هاوەڵان ( خودایان لێ ڕازی بێت ) لە پێغەمبەری خوداوە (صلَّى الله عليه وسلَّمَ) وەریانگرتووە. خودای گەورە لە بەشێك لە ئایەتی ژمارە ( ٤ ) لە سورەتی ( ألمُزَّمِّل ) فەرموویەتی: ﴿ وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلًا ﴾. واتە: کاتێک قورئانت خوێندەوە پێتەکانی ڕوون بکەوەو بەلەسەرخۆیی بیخوێنەوە. "بێگومان ئەوەش ناکرێت ئەگەر بەتەجویدەوە نەخوێندرێتەوە"..

جا بۆ ئاسان بوونی ئەم زانستە لەسەر مسوڵمانانی کورد، بە یارمەتی خودای گەورە ئەم ماڵپەڕەم دروست کرد و هەوڵی ئەوەم داوە بە شێوەیەکی ئاسان باسی یاساکانی تەجوید بۆ بەڕێزتان بکەم وەهەوڵی ئەوەشم داوە کەهەموو بابەتەکان باس بکەم، وەداوا لەبرایان و خوشکانی بەڕیز دەکەم هەر هەڵەو بیرچوونێك ـ کە هیچ کەس لێیان بەدوور نابێت ـ لەم ماڵپەڕەدا بەدیکرد با بەدیاری بۆمی بنێرن و ئاگادارم بکەنەوە، خودای گەورە پاداشتی هەموویان بداتەوە.
لە کۆتایی دا داوا لەخودای گەورە دەکەم بمانگێڕێت لەو کەسانەی قورئان زۆر دەخوێنن، وە ئیسڵاحی حاڵمان بکات، وە لەکاتی خوێندنەوەی قورئاندا تێمان بگەیەنێت لێی و یارمەتیمان بدات بۆ کارکردن پێ‌ی وە بمانگێڕیت لەوکەسانەی ڕەزامەندی پەروەردگاریان بەدەست هێناوەو، قورئان بکاتە شەفاعەتکار بۆمان لەڕۆژی دواییداو، لە دنیادا بمانکاتە هاوڕێ و دڵسۆزی قورئان وە ئەم کارەو هەموو کارەکانی دیکەمان بکات بە توێشویەك بۆ ڕۆژی قیامەت.

وصلى الله وسلم وبارك على نبينا محمد وعلى آله وصحبه اجمعين
والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته

گوێگرتن لە قورئانی پیرۆز و داگرتنی بەشێوەی [mp3]