Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی چوارەم سیفەتی پیتەکان


سیفەتی پیتەکان

پیتەکانی زمانی عەرەبی چەند تایبەتمەندی و نیشانەیان هەیە کە بەهۆیەوە پیتەکانی پێ دەناسرێتەوەو لەیەکدی جیادەکرێنەوە بۆ نموونە نەرمی یا توندی پیتەکە یان دەنگ نزمی و دەنگ بەرزی پیتەکان، ئەو سیفەتانەو سیفەتی دیکەیە کە زانایان باسیان کردووەو ژمارەیان (١٧) حەڤدە سیفەتە کە پیتەکان لەیەکدی جودا دەکاتەوە، سوودی شارەزابوونمان لە سیفەتی پیتەکان ئەمانەیە:
ــــ یەکەم / جیاکردنەوەی پیتە هاودەرچەکان بۆ نموونە پیتەکانی (ص) و (س) و (ز)، هەمان دەرچەیان هەیە بەڵام لە سیفاتدا جیاوازن.
ــــ دووەم / جیاکردنەوەی پیتە بەهێزەکان لە لاوازەکان کە بەهۆیەوە دەزانریت هەندیک پیت لە هەندێکی دی زیاتر قەڵەو دەکرێن، وەکو ئەو پیتانەی کە سیفەتی بەرزەوەبوو (الإستعلاء) و لکاویی (الإطباق)یان هەیە زیاتر لەو پیتانەی کە تەنها سیفەتی (إستعلاء)یان هەیەو قەڵەو دەکرێن، هەروەها بەهۆیەوە دەزانرێ کە نابێ پیتێکی قەڵەو لە پیتێکی ناسک تێکهەڵکێش (إدغام) بکرێ.
ــــ سێ‌یەم / چاک دەربڕینی پیتەکان و تێکەڵ نەکردنی بە پیتی دی، هەروەها پاریزگاری کردن لە بەدیارخستن (الإظهار)و لە دەست نەدانی دەنگی پیتەکان.
ـــ چوارەم ناسینەوەی پیتە بەهێزو لاوازەکان تا لاوازەکان بەهێزەکان نەیان شارێتەوە، بۆ نموونە خودای گەورە لە بەشێک لە ئایەتی (٧٤)ی سورەتی ال عمران، دەفەرموێ:

زانستی تەجوید ﴿يَخۡتَصُّ بِرَحۡمَتِهِۦ مَن يَشَآءُۗ﴾
ئەگەر سەرنجی وشەی ﴿يَخۡتَصُّ﴾ بدەین دەبینین پیتی ناسک‌و قەڵەو بەدوای یەکدا هاتوون، پیتی (ی) ناسکەو، پیتی (خ) قەڵەوە، هەروەها پیتی (ت) ناسکەو پیتی (ص) قەڵەوە، بۆیە بە شارەزابوون بە سیفەتی پیتەکان، هەموو پیتێک مافی خۆی دەدرێتێ‌و جودا دەکرێنەوە لەیەکتری.

ئەو سیفەتانەش دەبن بە دوو بەشەوە

بەشێک لەو سیفەتانە دژ (ضِـــــدّ) بە خۆیان هەن و ژمارەیان (٥) سیفەتن‌و دژەکانیشیان هەر پێنجە، بەشەکەی دیکەش لە سیفەتەکان دژ (ضِـــــدّ) بە خۆیان نیەو ژمارەیان (٨) هەشت سیفەتە.

یەکەم / ئەو سیفەتانەی کە دژ بەیەکترین


[١] و [٢] ـــ سیفەتی چپە (الهمس) دژەکەی سیفەتی ئاشکرایی (الجهر).
[٣] و [٤] ـــ سیفەتی توندیی (االشِدَّة) دژەکەی سیفەتی خاوی‌یە (ألرخاوة) و "لەنێوان توندی و خاوی مام ناوەندی (ألبينيّة)".
[٥] و [٦] ـــ سیفەتی بەرزەوەبوو (الإستعلاء) دژەکەی سیفەتی نزمەوەبوو (الإستفال).
[٧] و [٨] ـــ سیفەتی لکاویی (الإطباق) دژەکەی سیفەتی کرانەوەیە (الإنفتاح).
[٩] و [١٠] ـــ سیفەتی (الإذلاق) دژەکەی سیفەتی (الإصمات)ە، لێرەدا باسی ئەم دوو سیفەتە ناکرێت چونکە پەیوەندی بە (علم الصرف)ەوە هەیە و هیچ کاریگەری‌یەکی لەسەر دەنگی پیتەکان نیە.

[١] ـــ سیفەتی چپە (الهمس) :

بریتیە لە نزمی دەنگی پیت لە ئەنجامی کرانەوەو لێک دوورکەوتنەوەی دوو دەنگەژێ‌یەکان و نەهەژانیان و تێپەڕبوونی زۆرترین هەوای هەناسە (یان شاراوە لە بیستندا ــ لەلای گوێگر ــ بەهۆی کرانەوەو نەلەرینەوەی دەنگەژێ‌یەکان و ڕۆیشتنی بەشێکی زۆری هەوای هەناسە). ئەو پیتانەی هەڵگری ئەم سیفەتەن بریتین لە (١٠) دە پیت (س، ك، ت، ف، ح، ث، ه، ش، خ، ص)، لەم ڕستەیەدا کۆدەبنەوە: (سَكَتَ فَحَثَّهُ شَخصٌ)، واتە: بێ‌دەنگ بوو کەسێک هانی دا.
بۆ نموونە، سەرنجی تێپەڕبوونی زۆرترین ئەندازەی هەناسە بدە لەکاتی گۆکردنی پیتەکانی هەڵگری ئەم سیفەتە:
زانستی تەجوید پیتی (ث) و پیتی (ش):

[٢] ـــ سیفەتی ئاشکرایی (الجهر) :

بریتیە لە ئاشکراکردن‌و بەدیارخستنی دەنگی پیت لە ئەنجامی لێکدانی دوو دەنگەژێ‌یەکان و لەرینەوەیان‌و گرتنەوەی بەشێکی زۆری هەوای هەناسە.
دەتوانرێت لە رێگای دانانی پەنجە لەسەر بەشی خوارەوەی گەروو هەست بە لەرینەوەی دوو دەنگەژێ‌یەکان بکرێت، کە ئەمەش تاقیکردنەوەیە بۆ بەرجەستەبوونی ئەم سیفەتە.
ئەم پیتانەی کە هەڵگری ئەم سیفەتەن (١٩) نۆزدە پیتن‌و لەم دەستەواژەیەدا کۆدەبنەوە: (عَظمَ وَزْنُ قَارِي ذِي غَضِّ جِدِّ طَلَب)، واتە: پلەو پایەی بەرزبووەتەوە ئەو قورئان خوێنەی کە چاوی لە حەرام دەپارێزێت‌و، هەوڵ دەدات بۆ بەدەستهێنانی زانست.
ئەم سیفەتە وەکو هەموو سیفەتەکانی دی لە حاڵەتی زەنەداری (سکون)و گیرەداری (مشدد) چاکترو ئاشکراتر بەدیاردەکەوێ لەوەی کە جوڵاوە (متحرک) بێت. هەلبەتە گیربوونی هەناسە لەم پیتانەی سەرەوە وەکو یەک نیە، پیتی (ط )و (ذ) بە نموونە وەردەگرین، دوای سەرنجدان دەبینرێت کە هەناسە لە پیتی (ط) بەتەواوەتی گیردەبێ بەڵام لە پیتی (ذ) کەمێک هەناسەی لەگەڵ ڕەتدەبێت. هۆکاری ئەم دیاردەیەش ئەمەیە چونکە پیتی (ذ) سیفەتی خاویی (الرخاوة)ی تێدایە، ئەمەش بەو واتایەی کە تێپەڕبوونی دەنگ پێویستی بە کەمێک لە هەناسە بۆ پاڵپێوەنانی هەیە.

لەو نموونەوی خوارەوە سەرنجی گرتنەوەی ڕۆیشتنی هەناسە بدە لە کاتی دربڕینی پیتەکانی هەڵگری ئەم سیفەتە:
زانستی تەجوید (ع)، (ب)، (ط):



[٣] ـــ سیفەتی توندیی‌ (الشِّدَّة) :

بریتیە لە گیربوونی[1] دەنگی پیتێکی بەردەوام کە لە ئەنجامی داخرانی دەرچەکەیەوە دروست دەبێت، ئەمەش لە ڕێگای پست بەستنی تەواوی پیتەکە بە دەرچەکەیەوە. ژمارەی ئەو پیتانەی هەڵگری ئەم سیفەتەن (٨) هەشت پیتە، لەم دەستەواژەیەدا کۆدەبنەوە: (أَجِدُ قَطٍ بَكَتْ).

پێویستە ئەوەش بزانین کە شەش پیت لەو پیتانەی سەرەوە هەڵگری سیفەتی ئاشکرایین، کە پێشتر باس کران‌و بریتی بوون لە (ق، ط، ب، ج، د، ء) کەچی دوو پیتەکەی دی (ك)و (ت) بێجگە لە سیفەتی (توندیی) سیفەتی (چپە)شیان هەیە.

پراکتیزەکردنی سیفەتی توندیی بەدوو هەنگاوی یەک لەدوای یەک جێبەجێ دەبێت:
[أ] ــ بەداخرانی دەرچەکەو ئەندازەی پاڵەپەستۆی دەنگی پیتەکە لە پشت دەرچەکەوە.
[ب] ــ بەکرانەوەی دەرچەکەو شێوەی هاتنەدەرەوەی دەنگی پیتەکە.

لەدوای سەرنجدان دەردەکەوێت کە سیفەتی توندیی‌و سیفەتی چپە لەیەک کاتدا لەسەر پیتی (ك)و (ت) جێبەجێ نابێت، بەڵکو لە سەرەتای دەنگیاندا سیفەتی توندیی جێبەجێ دەبێت‌و لە کۆتایی دەنگیاندا سیفەتی چپەیان تیدا بەدیاردەکەوێ.

بۆ زانیاری ئەگەر ویسترا بەتاقیکردنەوە جیاوازی ئەم دوو سیفەتە بەرجەستە بکەین، دەتوانین لەکاتی دەربڕین‌و گۆکردنی ئەو پیتانەی هەڵگری سیفەتی توندیین هەست بەگیربوون‌و بڕانی دەنگی پیتەکان بکەین، وەکو (أءْ، أجْ، أبْ، أطْ) یان (أكْ)، بەڵام لەکاتی دەربڕینی جگە لەم پیتانە دەبینین کە دەنگی پیتەکە گیرنابێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت، وەکو لەکاتی گۆکردنی پیتی (أشْ) یان (أسْ) . . . هتد.

(سیبویە) دەڵێ: بۆ ناسینەوەی ئەو پیتانەی هەڵگری سیفەتی توندیین، ئەگەر بمانەوێ دەنگی پیتەکان درێژبکەینەوە، ناتوانین ئەو کارە ئەنجام بدەین. بۆ نموونە ئەگەر بانەوێ بڵێین (الحَجُّ)، ناتوانین پیتی (ج) درێژبکەینەوە.

لەو نموونەی خوارەوە سەرنجی ئەوە بدە کە چۆن دەرچەی پیتەکان دادەخرێت لە کاتی دربڕینیان:
زانستی تەجوید (ج، د، ق): (أج)    (أد)    (أق)

[٤] ـــ سیفەتی خاویی (الرِّخاوة[2]) :

بریتیە لە تیپەڕبوونی زۆربەی دەنگی ئەو پیتانەی هەڵگری ئەم سیفەتەن لە دەرچەکانیانەوە، ئەمەش لەبەر بێ‌هێزی پشت بەستنی پیتەکە بە دەرچەکەیەوە ڕوودەدات.
ژمارەی ئەو پیتانەی هەڵگری ئەم سیفەتەن (١٦) پیتن کە ئەمانەن:
(ث، ح، خ، ذ، ز، س، ش، ص، ض، ظ، غ، ف، ه، و، ي، ا)
دەشێ بە جێبەجێ نەکردنی سیفەتی خاویی لەو پیتانەی سەرەوەدا ببێتە هۆی بزربوون‌و نەمانی یاخود پیتێک بۆ پیتێکی دی، بۆ نموونە بە جێبەجێ نەکردنی سیفەتی خاویی لە پیتی (غ) لە وشەی ﴿ٱلۡمَغۡضُوبِ﴾دا، دەنگی پیتەکە بفەوتێ‌و نەبیسترێ، یاخود دەشێ هەر هەمان پیت لە وشەی ﴿يُغۡلَبُونَ﴾ بگۆڕدرێ بە پیتی (ق).
دەتوانین بۆ زیاتر ئاشکراکردنی ئەو دوو سیفەتە دژ بە یەکە کە سیفەتی توندیی (الشِّدَّة)و سیفەتی خاویی (الرِّخاوة)ن، دوو پیت بۆ نموونە بهێنینەوە:
١ ـــ پیتی (جیم ـ ج): کە پیتی (ج) دەردەبڕێت‌و دەگوترێت: (أجْ)، بەدیار دەکەوێ کە بەهیچ جۆریک دەنگی پیتەکە لە دەرچەکەیەوە دەرناجێت.
٢ ـــ بەڵام پیتی (شین ـ ش) کە سیفەتی خایی هەیە کە دردەبڕێت‌و دەگوترێت (أَشْ)، بەدیاردەکەوێ کە دەنگی ئەم پیتە درێژدەبێتەوەو بەردەوام دەبێت.
ئیدی لەبەرئەوەیە کە زانایان دەڵێن پیتی (ج)و هاوشێوەکانی سیفەتی توندییان هەیەو، کەچی پیتی (ش)و هاوشێوەکانی سیفەتی خاوییان هەیە.

لەو نموونەی خوارەوەدا سەرنجی پیتی (شین ـ ش) و (سین ـ س) بدە کە سیفەتی خاوییان هەیە، کە چۆن دەنگەکانیان گیرنابێت‌و بەڵکو بەردەوام دەبێت لەکاتی گۆکردنیان:
زانستی تەجوید (شین ـ ش) و (سین ـ س):

تێبینی / ١ـــ چرپەو ئاشکرا پەیوەندی بە هەواوە هەیە بەڵام توندیی‌و خاویی پەیوەندی بە دەنگەوە هەیە.
تێبینی / ٢ـــ جیاوازی نێوان ئاشکراو توندی، ئاشکرا: گرتنەوەی هەناسەیە. بەڵام توندیی: گرتنەوەی دەنگەکەیە.




  1. (محمد المرعشي) دەڵێ: لەگەڵ گیربوونی دەنگی هەر پیتێک، هەناسەش گیردەبێ، هەروەها ئەگەر دەنگی هەر پیتێک بەردەوام بوو، هەناسەش لەگەڵی بەردەوام دەبێت. ئەگەر گوترا هەندێک پیت هەن کە دەنگەکانیان گیردەبێ کەچی هەناسە بەردەوام دەبێت، مەبەستیان ئەوەیە کە زۆرترین ڕادەو ئەندازەی دەنگ گیردەبێت‌و لەهەمان کاتدا زۆرترین ئەندازەی هەناسە بەردەوام دەبێت.
  2. عەرەبەکان وشەی (الرِّخاوة)یان بە ( ٣) سێ شێوە بەکارهێناوەو هەر هەمووشیان ڕاستن، کە بریتین لە:
    ـــ (الرِّخاوة)، بەدانانی ژێر (كسرة) لەژێر پیتی (ر).
    ـــ (الرَّخاوة)، بەدانانی (فتحة) لەسەر پیتی (ر).
    ـــ (الرُّخاوة). بەدانانی (ضمة) لەسەر پیتی (ر).
    بەڵام لەهەموان بەناوبانگتر کە زۆر بەکاربهێنرێ بریتیە لە دانانی ژێر (کسرة) لەژێر پیتی (ر).