Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی یەکەم ڕەوشت و ئادابەکانی قورئانخوێن


ڕەوشت و ئادابەکانی قورئانخوێن


خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز چەند ڕەوشت و ئادابێکی هەیە کە دەبێ قورئان خوێن بەجێ‌ی بگەیەنێ لەکاتی قورئان خوێندنەوە، به‌شێك له‌و ره‌وشت وئادابانه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
١ـــ خۆ پاراستن له‌كاتی قورئان خوێندن له‌ ڕووپامایی (الریا‌ء)، وە نیاز پاکی بۆ خودای تاک وتەنها، کە ئەم قورئان خوێندنەی تەنها مەبەستی پێ‌ی خودا بێت.
پێغەمبەری خودا (صلَّى اللهُ علَيهِ وسَلَّمَ) دەفەرموێ: «اقرَؤو الْقُرْآنَ فَلَا تَغْلُوا فِيهِ، وَلَا تَجْفُوا عَنْهُ، وَلَا تَأْكُلُوا بِهِ، وَلَا تَسْتَكْثِرُوا بِهِ» . رواه أحمد والطبراني والبيهقي وصححه الألباني.
واتە: قورئان بخوێنن و زێدەڕەوی و شلگیری تێدا مەکەن و بە هۆیەوە مەخۆن و ماڵی پێ زیاد مەکەن.
٢ـــ پێویستە پێش خوێندنەوە پاک و خاوێن بێت لەشوێن ولەش و جل و بەرگیدا، دەستنوێژی هەبێت .
٣ـــ بەکارهێنانی سیواک پێش قورئان خوێندن .
٤ـــ سووننەتە ڕوو لە ڕووگە ( قبلة ) بکرێت، بەڵام بەپێوەو لەکاتی ڕێکردنداو بەدانیشتن و لەسەر تەنیشت و بەڕاکشانیش دروستە. خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّـهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَىٰ جُنُوبِهِمْ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَـٰذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ ١٩١﴾ آلِ عِمران. واتە: ئەو کەسانەی بەپێوەو بەدانیشتن و لەسەر تەنیشت و ڕاکشان یادی خودا دەکەن .

پێغەمبەری خودا (صلَّى اللهُ علَيهِ وسَلَّمَ) دەفەرموێ: «إنَّ لِكُلِّ شيءٍ سيّداً وإِنَّ سَيّدَ ألمجالِسِ قبالةَ ألقِبلةِ» رواه الطبراني عن أبي هريرة (رضِيَ اللهُ عنه) وحسّنهُ ألألباني. واتە: بەڕاستی هەموو شتێک گەورەیەکی هەیەو، گەورەی هەموو نشتگەیەکیش بەرامبەر ڕووگەیە ( قیبلە ).
٥ـــ گوتنی: أعوذ بالله من ألشيطان ألرجيم، خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿فَإِذَا قَرَأْتَ الْقُرْآنَ فَاسْتَعِذْ بِاللَّـهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ ٩٨﴾ النَّحل. واتە: کاتێک مەبەستە قورئان بخوێنیت، بەر لەوە پەنا بگرە بە خودا لە شەیتانی نەفرەت لێکراو.
٦ـــ ورد بوونەوەو بیرکردنەوە لەئایەتەکانی، خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ أَمْ عَلَىٰ قُلُوبٍ أَقْفَالُهَا ٢٤﴾ محمد. واتە: ئایا ئەوە بۆچی ئەوانە لەئایەتەکانی قورئان ڕانامێنن و بیر ناکەنەوە؟! یان ئەوەیە دڵەکانیان لەئاستی ڕاستیدا قوفڵ دراوە.
هەروەها دەفەرموی: ﴿كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِّيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ وَلِيَتَذَكَّرَ أُولُو الْأَلْبَابِ ٢٩﴾ ص. واتە: ئەم قورئانە کتێبێکی پیرۆزە دامانبەزاندوە بۆتۆ (ئەی محمد )، بۆ ئەوەی ئایەتەکانی لێک بدەنەوەو، بیری لێ بکەنەوەو، بۆ ئەوەی خاوەن بیرو هۆشەکان پەند و ئامۆژگاری وەربگرن و تێفکرن.
٧ـــ مل کەچ بوون بۆ فەرمایشتەکانی خودای گەورە و ئارام گرتن کە قورئان دەخوێنیتەوە. خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿وَيَخِرُّونَ لِلْأَذْقَانِ يَبْكُونَ وَيَزِيدُهُمْ خُشُوعًا ۩ ١٠٩﴾ الإسراء. واتە: هەرکات قورئانیان بۆ بخوێندرێتەوە، سوژدەو کڕنووش دەبەن و دەگرین و ئەسرینی خۆشەویستی پەروەردگار لەچاوانیان دەبارێت، تا دێت زیاتر ملکەچ و فەرمانبەردار و دڵ پڕ لەئیمان دەبن.
٨ـــ خوێندنەوەی قورئان بە لەسەرخۆیی و بێ پەلەکردن و خەتم نەکردنی لەماوەی کەمتر لە (٣) ڕۆژ. خودای گەورە دەفەرموی: ﴿ . . . وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلًا ٤﴾ المُزَّمِّل. واتە: دەوری قورئان بکەرەوە بە وردی و لەسەرخۆ.
پێغەمبەری خوداش (صلَّى اللهُ علَيهِ وسَلَّمَ) دەفەرموێت: «لا يفقَهُ منْ قَرأ القرآنَ في أقلّ من ثلاث» رواه أحمد، أبو داود، الترمذي، إبن ماجة وصححه الألباني . واتە: تێناگات لە قورئان ئەو کەسەی لەماوەی لە ( ٣ ) ڕۆژ کەمتردا خەتمی بکات.
٩ـــ ئەگەر ئایەتەکانی سزای خوێندەوە ئەوا با پەنا بەخودا بگرێ لێ‌ی، وەئەگەر ئایەتەکانی پاداشتی خوێندەوە، ئەوا داوا لە خودای گەورە بکات کە ئەو پاداشتانەی پێ‌ببەخشیت.
«عَنْ عَوْفِ بْنِ مَالِكٍ الْأَشْجَعِيِّ قَالَ قُمْتُ مَعَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَيْلَةً فَقَامَ فَقَرَأَ سُورَةَ الْبَقَرَةِ لَا يَمُرُّ بِآيَةِ رَحْمَةٍ إِلَّا وَقَفَ فَسَأَلَ وَلَا يَمُرُّ بِآيَةِ عَذَابٍ إِلَّا وَقَفَ فَتَعَوَّذَ». رواه أحمد، وأبو داود وألنسائي . واتە: لە عەوفی کوڕی مالیکی ئەشجەعی دەڵێت: شەوێکیان لەگەڵ پێغەمبەر (صلَّى اللهُ علَيهِ وسَلَّمَ) نوێژم کرد، سورەتی (ألبقرة)ی خوێند، کاتێک دەگەیشتە ئایەتێک لەئایەتەکانی بەزەیی دەوەستاو داوای بەزەیی دەکرد و کاتێکیش دەگەیشتە ئایەتێک لەئایەتەکانی سزا دەوەستاو پەنای بەخودا دەگرت.
١٠ـــ گوێگرتن و بێدەنگ بوون بۆ خوێندنەوەی قورئان، خودای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِذَا قُرِئَ الْقُرْآنُ فَاسْتَمِعُوا لَهُ وَأَنصِتُوا لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ ٢٠٤﴾ الأعراف. واتە: ئەگەر قورئان خوێندرا گوێ‌ی لێبگرن و بێدەنگ بن بەڵکو خودا بەزەیی پێتاندا بێتەوە.
١١ـــ دەنگ خۆش کردن لەکاتی خوێندنەوەی قورئاندا.
١٢ـــ کار کردن بە فەرمانەکانی قورئان و دوورکەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکانی .
١٣ـــ نەپچڕاندنی خوێندنەوەی قورئان لەبەر چەند قسەیەکی بێ ماناو بێ سوود .
١٤ـــ سوجدە بردن لەکاتی خوێندن یا بیستنی ئایەتی ( سجدة ) دا.
ئەم ( سجدة ) یە لە نوێژو دەرەوەی نوێژدا فەرز نیە بەڵکو سوننەتە، چونکە ( زەید )ی کوڕی ثابت (رضِيَ اللهُ عنه) دەڵی: سورەتی ( والنجم )م بۆ پێغەمبەر (صلَّى اللهُ علَيهِ وسَلَّمَ) خوێندو سوجدەی نەبرد.
عن زيد بن ثابت (رضِيَ اللهُ عنه) قال: ( قرأت سورة ( والنجم ) عند النبي (صلَّى اللهُ علَيهِ وسَلَّمَ) فلم يسجد فيها ) رواه البخاري ومسلم.
ئەم جۆرە سەجدەیەش پێ‌ی دەگوترێ ( سجود التلاوة )، هەرکەس ئایەتێک لەئایەتەکانی ( سجدة )ی خوێند یان گوێی لێبوو کەسێک خوێندی موستەحەببە ( ألله أكبر ) بکات و ( سجدة )یەک ببات، پاشان ( ألله أكبر ) بکاتەوە و سەر بڵند بکاتەوە لە (سجدة)، جومهوری زانایان بۆ ئەوە چوون کە ( سجدة )ی تیلاوەت ( سوننەتە )، وە ژمارەیان( ١٥) سجدة ـــ یە:
سورەتی: ألأعراف (٢٠٦)، ألرعد (١٥)، ألنحل (٤٩)، ألإسراء (١٠٧)، مريم (٥٨)، ألحج (١٨)، ألحج (٧٧)، ألفرقان ( ٦٠ )، ألنمل ( ٢٥ )، ألسجدة ( ١٥ )، ص ( ٢٤ ) فصلت ( ٣٧ )، ألنجم ( ٦٢ )، ألإنشقاق ( ٢١ ) وألعلق ( ١٩ ).  
١٥ـــ وەستان لەکۆتایی ئایەتەکاندا .
سەبارەت بەچۆنێتی قورئان خوێندنی پێغەمبەر (صلَّى الله عليه وسلَّمَ) پرسیار کرا لە أم سَلَمة (رضِيَ اللهُ عَنْها) ئەویش فەرمووی: «( كان يقطع قرآءته آيةً آية ﴿الْحَمْدُ للّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ( ٢ )﴾ ثم يقف ﴿الرَّحْمنِ الرَّحِيمِ( ٣ )﴾ ثم يقف )» أخرجه أبو داود و أحمد في ألمسند. واتە: پێغەمبەری خودا (صلَّى الله عليه وسلَّمَ) لەکۆتایی ئایەتەکاندا دەوەستا. ﴿الْحَمْدُ للّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ(٢)﴾ی دەخوێند دەوەستا ﴿الرَّحْمنِ الرَّحِيمِ(٣)﴾ی دەخوێند، پاشان دەوەستا.
١٦ـــ تا ئەو ئەندازەیە قورئان بخوێنێتەوە کە چالاکە، کاتێک بێتاقەت بوو وازی لێ‌بێنێت.
١٧ـــ دوورکەوتنەوە لە خوێندنەوەیەک کە شێوازی گۆرانی‌و مەقام بنوێنێت.