Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی دووەم واتای تەرتیل و خوێندنەوەی سورەتی (الفَاتِحَة) لە نوێژدا

واتای تەرتیل و خوێندنەوەی سورەتی (الفَاتِحَة) لە نوێژدا

یەکەم / ئیمامی شافیعی (ڕەحمەتی خودای لێبێت) لە کتێبی (الأُم)دا، لە ڕاڤەکردنی ئایەتی ﴿. . . وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلًا ‎٤﴾ەدا دەڵێت: کەمترین ئاستی جێبەجێ کردنی (ترتیل) ئەوەیە کە واز لە خوێندنەوەی بە پەلە بهێنرێت و خوێندنەوەکە بە شێوەیەک بێت کە پیتەکان بە ڕوون و ئاشکرایی دەربخرێن. ئیدی ئەگەر ئیمام بەجۆرێک هەڵەی لە سورەتی (الفَاتِحَة)دا کرد کە بوو بەهۆی گۆڕینی واتاو مەبەستی ئایەتەکان، ئەوا نوێژی خۆی و نوێژی مەئموومەکان بەتاڵ دەبێتەوە، بەڵام هەمان جۆری هەڵە جگە لە سورەتی (الفَاتِحَة) لام پەسند نیە (مەکروه)ە و پێویست ناکات نوێژەکە دووبارە بکرێتەوە چونکە ئومێدەوارم خوێندنەوەی تەنها سورەتی (الفَاتِحَة) بەس بێت بۆ دروستیی نویژەکە.
بەڵام سەبارەت بەو هەڵە بچووکانەی کە مەبەستیئایەتەکانی سورەتی (الفَاتِحَة) ناگۆڕن، جێگەی پەسندکردن نین، هەرچەندە نوێژەکە بەم شیوەیەش دروستە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسە نابێت بەهیچ جۆرێک ئیمامەتی بۆ موسڵمانان بکات [1].
ئیمامی (النَّوَوي) دەڵێت خوێندنەوەی سورەتی (الفَاتِحَة) لەناو نوێژدا بە هەموو پیتەکانی‌یەوە و بە ئەداکردنی هەر (١٤) چواردە گیرە (شَدَّة)یەوە، واجبە. ئیدی بە پەڕاندنی هەر پیتێك لەم سورەتە یاخود بە گۆڕینی هەر پیتێك یان بە سووککردنی هەر گیرەدارێك خوێندنەوەکە دروست نابێت، بەتایبەتی ئەگەر هیچ کێشەیەك لە زماندا نەبێت.

دووەم / لە کتێبی (كشَّافُ القِناع)دا کە بۆچوونی (حَنابِلَة)ەکان دەردەخات، هاتووە:
بە پەڕاندنی هەر پیتێك یان گیرەیەك یاخود پاش و پێشکردنی ئایەتەکانی سورەتی (الفَاتِحَة)، خوێندنەوەکە دروست نابێت، چونکە بەم شێوەیە بەشێك لە سورەتی (الفَاتِحَة) خوێندراوەتەوە نەك هەمووی بەتەواوی. کەواتە ئەگەر بەدەستی مەبەست ئەم جۆرە هەڵانە کران و دووبارە خوێندنەوەیان چاك نەکرانەوە، ئەوا نوێژەکە بەتاڵ دەبێتەوە، بەڵام بە نەکردنی بۆ نموونە تێکهەڵکێشان (الإِدغام) یان هەر سیفەتێکی دی جوانکاری، نوێژەکە بەتاڵ نابێتەوە و دروستە.

سێێەم / لە کتێبی (مواهب الجلیل) کە بۆچوونی (مالك)یەکان نیشان دەدات، هاتووە:
بەرای مالیکیەکان (٦) شەش بۆچوونی جیاواز لەسەر شوێنکەوتنی ئیمامێکی نەزان لە خویندنەوەی قورئاندا، هاتووە:
١ ـ ئەگەر هەڵەکە لە سورەتی (الفَاتِحَة) یان جگە لە (الفَاتِحَة) بوو، ئیدی مەبەستی ئایەتەکان بگۆڕێت یان نەگۆڕێت، نوێژەکە بەتاڵ دەکاتەوە و دروست نیە.
٢ ـ تەنها هەڵەکردن لە خوێندنەوەی سورەتی (الفَاتِحَة)دا نویژ نەتاڵ دەکاتەوە.
٣ ـ ئەگەر هەڵەکە واتای ئایەتەکانی گۆڕی، نابێت نوێژی لەدوا بکرێت، بەڵام ئەگەر هەڵەکە واتای ئایەتەکانی نەگۆری، ئەوا ئیمامەتەکە دروستە.
٤ ـ خوێندنەوەی بەهەڵەی ئیمام لەناو نوێژدا کەراهەتی هەیە و دووبارەش ناکرێتەوە.
٥ ـ ئەگەر یەکیکی باشتر هەبوو، ناهێڵدرێت نەزانەکە پێشنوێژی بکات و لە لە حاڵەتێکدا ئەگەر نەزانەکە ئیمامەتەکەی هەر کرد، ئەوا نوێژی هەمووان دروستە.
٦ـ نوێژکردن لەدوای یەکێکەوە لە قورئانخوێندنەوەدا هەڵە بکات، دروستە و نوێژەکە بەتاڵ نابێتەوە.

چوارەم / لەلای حەنەفی‌یەکان:
هەڵەی قورئانخوێن لەنوێژدا چ لە سورەتی (الفَاتِحَة) دا بێت یان لە هەر سورەتێکی دیکەی قورئانی پیرۆزدا، بەسەر ئەم (٣ ) سێ جۆرە هەڵانەی خوارەوە دابەش دەبن:
١ ـ هەڵەکردن لە شیکردنەوە (الإعراب)دا.
٢ ـ هەڵەکردن لە پیتەکاندا.
٣ ـ هەڵەکردن لە خوێندنەوەی وشە و ئایەتەکاندا.
دەربارەی هەڵەی (اعراب)ی گوتوویانە: ئەگەر واتایی ئایەتەکە نەگۆڕێت، نوێژەکەی دروستە و بەتاڵ نابێتەوە، بەتایبەتی گەر هەڵەکەی ببێتە هۆی گۆرینی واتایی ئایەتەکە، یاخود واتایەکی کوفر ئامێز بدات، ئەوا بەپێی وتەی (المُتقدّمين) نوێژەکەی دروست نیە و بەتاڵ دەبێتەوە، بەڵام بەلای (المُتَأَخِّرين)ەوە، ڕای جیاوازی لەسەرە. بەڕای هەندێکیان نوێژەکە بەتاڵ نابێتەوە و هەندێکی دیکەیان باس لە بەتاڵ بوونەوەی نویژەکە دەکان ئەگەر هەڵەکە لە خوێندنەوەی سورەتی (الفَاتِحَة)دا بێت وەکو گیرەدار (تشدید) نەکردنی پیتەکان (ب) و (ي) ئەم دوو ئایەتە:
﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٢﴾ و ﴿إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ ٥﴾
سەبارەت بە هەڵەکردن لە پیتەکان دەڵێن: دانانی پیتێک لە جێگەی پیتێکی دی ئەگەر بە هەڵە بێت یان نەتوانێت گۆی بکات و مەبەستەکەشی نەگۆڕیت، ئەوا نوێژەکەی پێ بەتاڵ نابێتەوە، ئەمەش ڕای (ابو یوسف)ە.
  1. كتاب الأُم للامام الشافعي [بَابٌ كَيْفَ قِرَاءَةُ الْمُصَلِّي]، ص ــ ١٣٢