Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی یەکەم قورئانی پیرۆز


قورئانی پیرۆز

١ ـ پێناسەی قورئانی پیرۆز
٢ ـ چۆن پێغەمبەری خودا (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) قورئانی بە ئوممەتەکەی ڕاگەیاند؟
٣ ـ ناوەکانی قورئانی پیرۆز
٤ ـ ئەو حوکمانەی کە لە قورئاندا هەیە
٥ ـ تایبەتمەندی‌یەکانی قورئانی پیرۆز
٦ ـ ماناى سورەتی مەکی و سورەتی مەدەنی چیە؟
٧ ـ سوودی زانینمان بە سورەتەکانى (مەككی) و (مەدەنی) چیە؟

١ ـ پێناسەی قورئانی پیرۆز

قورئانى پیرۆز كەلامى خوداى گەورە و میهرەبانە، لەلایەن ئەوەوە دابەزیوە و بۆلاى ئەویش دەگەڕێتەوە، پەروەردگار خۆى بەحەقیقەت قسەى پێ كردووە و درووستكراوێك نیە لە درووست كراوەكانى، بەڵكو وتە (كلام)ى خۆیەتى، كەلامیش سیفەتێكە لە سیفەتەكانى پەروەردگارمان، وە بە فریشتەى وەحى (جبریل)دا علیه السلام دایبەزاندووە و ناردوویەتى بۆ پێغەمبەرمان (محمد) صلى الله عليه وسلم بە زمانى عەرەبی، كە بە سوورەتى (الْفاتِحة) دەست پێ دەكات و بە سورەتى (النَّاس) كۆتایی پێ دێت. پێغەمبەریش (صلَّى الله عليه وسلَّمَ) بە باشترێن شێوە گەیاندوویەتی بەئێمە. بە خوێندنەوەى پاداشت وەردەگرین لەسەرى، وە بۆ ئەوەش دابەزیوە هەتا خەڵكى دەربهێنێت لە تاریكاییەكانى كوفر و هاوەڵ بڕیاردان و بت پەرستیەوە بۆ نور و ڕۆشنایی ئیمان و ئیسلام بەویستى خوداى پەروەردگار.

خودای گەورە بە قورئان لەتاریکی و نەزانییەوە بەرەو ڕووناکی و زانینی بردووین. قورئان کانیاوی زاناییە، نووری بیناییە، جگە لەڕێگەی قورئان ڕێگەی دیکە بۆلای خودا نییە، بەرنامەو ئاسانکارو خۆشکاری ژیانمانە بەبێ شارەزا بوون لێی رزگاربونمان بۆ نییە، بنەڕەتی یەک خوداپەرستی و ڕەحمەتە بۆ هەموو خەڵکی، خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿الَر كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ إِلَيْكَ لِتُخْرِجَ النَّاسَ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ بِإِذْنِ رَبِّهِمْ إِلَى صِرَاطِ الْعَزِيزِ الْحَمِيدِ ١ ﴾. إبراهيم
واتە: ئەم قورئانە کتێبێکە دامبەزاندووە بۆت ( ئەی محمد ) تا خەڵکی لە تاریکیەکانی ( بێ باوەڕی و نەزانی و سەرلێشێواوی ) دەربهێنیت، بەرەو نوورو ڕیبازی ڕۆشنایی ئیمان، بەویستی پەروەردگاریان، تا دەگەنە ڕیبازی ڕاستی خودای باڵادەست و شایستەی سوپاسگوزاری.

قورئان په‌یامی‌ جاویدانی‌ خودای‌ مه‌زنە كه‌ بۆ سه‌رلێشێواوان ڕووناكی‌یه‌ ‌و له‌ ژیانی‌ موسڵماناندا بزوێنه‌ری‌ ژین‌و په‌یامی‌ كامه‌رانی‌یه‌. موعجیزه‌یه‌كه‌ كه‌ سنووره‌كانی‌ كات‌و شوێنی‌ بڕیوه‌و خۆرێكه‌ كه‌ پڕشنگی‌ زێڕینی‌ ئه‌و جیهانێ رۆشن ده‌كاته‌وه‌. قورئانی‌ پیرۆز بنه‌مای‌ یاساو هه‌ڵس‌وكه‌وتی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌یه‌ له‌ نێوخۆو ده‌وروبه‌ری‌ نزیك‌و دووردا. خودایی بوونی‌ ئه‌م په‌یامه‌ وه‌ها دیارو له‌به‌رچاوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك ساتێكی‌ كه‌م‌و چه‌ند ئایه‌تێكی‌ كه‌می‌ بخوێنێتـه‌وه‌، وه‌ها هه‌ست‌و هۆشی راده‌كێشێ كه‌ دڵی‌ له‌ سینه‌دا ئارام ده‌گرێ‌‌و هه‌ست به‌ ئارامی‌یه‌كی‌ له‌ سنوور تێپه‌ڕیوو ده‌كا.

ئەم قورئانە پیرۆزە، پەروەردگار وەك موعجیزەیەكى گەورە ناردوویەتى بۆ پێغەمبەرمان صلى الله عليه وسلم كە بەچەندین شێوازى جیاجیا تەحەدداى بێباوەڕان دەكات، بۆیە هەر لەسەردەمى پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم و هەتا ئێستاش بێباوەڕان نەیانتوانیوە وێنەى ئەم قورئانە بهێنن، یان وێنەى سورەتێكى قورئان بهێنن، تەنانەت دەستەوستانن لەوەى كە بتوانن وێنەى تەنها یەك ئایەتیش بهێنن لە ئایەتەكانى قورئانى پیرۆز(1).

خوداى گەورە دەربارەى قورئان دەفەرموێت:
﴿وَإِنَّهُ لَتَنزِيلُ رَبِّ الْعَالَمِينَ ١٩٢ نَزَلَ بِهِ الرُّوحُ الْأَمِينُ ١٩٣ عَلَىٰ قَلْبِكَ لِتَكُونَ مِنَ الْمُنذِرِينَ ١٩٤ بِلِسَانٍ عَرَبِيٍّ مُّبِينٍ ١٩٥ ﴾ الشُّعَراء.
واتە: بێگومان ئەو قورئانە نێردراوى پەروەردگارى جیهانیەكانە، (جبریل)ى دەستپاك و ئەمین هێنایە خوارێ، بۆسەر دڵى تۆ، تا ببێتە یەكێ لە ترسێنەران و خەڵكى پێ بترسێنى، ئەمیش بەزمانێكى عەرەبی ڕوون و ئاشكرا دابەزێنراوە، تا هیچ بڕو بیانوویەكیان نەمێنێ.
ئەو قورئانە لە مابەینی دوو بەرگدا پارێزراوەو پەیتا پەیتا و دەما و دەم (التَّواتُر)(2). بەدەستی ئێمە گەیشتووە و خوێندنەوەکەی پەرستشە و، هەموو جنۆکەو ئادەمییەکان ناتوانن هاوشێوەی کورتترین سورەت بێنن.


٢ ـ چۆن پێغەمبەری خودا (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) قورئانی بە ئوممەتەکەی ڕاگەیاند؟
پێغەمبەری خۆشەویستمان (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) بە دوو ڕێگە قورئانی بە ئوممەتەکەی ڕاگەیاندووە:

یەکەم: بە نوسراوەیی (مُدَوَّنْ)، قۆناغەکانیشی بەم شێوەیە بوو:
ــ لە قۆناغی یەکەم هەموو ئایەت و سورەتەکان لە کۆڕی (مَجْلِسْ) پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) دەنوسرانەوە.
زەیدی کوری ثابت (رَضِيَ اللهُ عَنْهُ) دەڵێ: «كنت أكتب الوحي عند رسول الله (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) وهو يملي علي، فإذا فرغت قال: اقرأه، فأقرؤه، فإن كان فيه سقط أقامه، ثم أخرج به إلى الناس». (3)
واتە: کە لە نوسینەوەی قورئان دەبوومەوە، پێغەمبەری خۆشەویستمان (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) دەیفەرموو ئەو ئایەتانەم بۆ بخوێنەوە کە ئێستا نوسیتنەوە، ئەوکات ئەگەر هەر هەڵەیەکی ڕێنوسیم بکردبوایە، ئەوا بۆی ڕاست دەکردمەوە، دواتر منیش ئەم ئایەتانەم بە خەڵکی ڕادەگەیاند .

ــ قۆناغی دووەم لە خەلافەتی ئیمامی أبوبكر الصِّدِّيق (رَضِيَ اللهُ عَنْهُ) بوو، کە بانگەوازی بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئایەتە نوسراوەکانی کۆڕی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) کرد کە ئەو کاتە لە سەر ئیسك و تاشەبەردی تەنك و شتی دیکە نوسرابوونەوە، داوایشی لە زەیدی کوڕی ثابت (رَضِيَ اللهُ عَنْهُ) کرد کە هەموو نوسراوەکان لە پەڕاوێکدا کۆ بکاتەوە .
پاشان لە قۆناغی دواتر و لە خەلافەتی ئیمامی عثمان (رَضِيَ اللهُ عَنْهُ)، چەند پەڕاوێكی دیکە لە سەر ئەو پەڕاوەی پێشوو ڕوونوسکرانەوە (نسخ)، دیسان بۆ جارێکی دی گەورەیی و پیرۆزی ئەو کارە بە زەیدی کوڕی ثابت (رَضِيَ اللهُ عَنْهُ) سپێردرایەوە .
بەم شێوەیە ئیمامی عثمان (رَضِيَ اللهُ عَنْهُ) بۆ هەر ناوجەیەك لە ناوچەکانی مسوڵمانان، پەڕاو (مصحف)ێکی نارد کە قورئانخوێنێکی شارەزایشی لەگەڵدا بووە، ناوچەکانیش ئەمانەی خوارەوە بوون:
(المَدينَةُ المُنَوَّرة)، (الشَّام)، (الكُوفَة)، (البَصْرَة)، (البَحرَيْن)، (اليَمَن) و (المَكَّةُ المُكَرَّمَة) .
پاشان مسوڵمانان ژمارەیەکی زۆریان لە قورئان نوسییەوە کە تاکو ئیمڕۆش نوسینەوەی قورئان هەر بەردەوامە و بە زۆر شێوەی جوان دەنوسرێتەوە .

کۆتا پرۆسەی زانایان سەبارەت بە نوسینەوەی قورئانی پیرۆز لە ڕێگەی چەند نوسراوێکەوە بوو کە تایبەتمەندی و بنەماکانی چۆنیەتی نوسینەوەی قورئانی تێدا دیاریکرا، تاکو بە هیچ شیوەیەک کەس نەتوانێ بە هەڵە قورئان بنوسێتەوە، دواتریش ئەم زانستە ناوی لێنرا (عِلْمُ رَسْمِ المَصَاحِف) .

دووەم: بە دەنگ و دەربڕین (مَنْطوق):
واتە: جیبریل (عَلَيهِ السَّلام) قورئانی پیرۆزی بە دەنگ و واتا و تەفسیر و هەموو پەیوەستەکانی دیکەوە دابەزاندە سەر دڵی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ).
پاشان هاوەڵانیش (رَضِيَ اللهُ عَنْهُم) لە دەمی شەریفی پێغەمبەرەوە (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) گوێبیستی بوون و دیسان دووبارە خویندیانەوە تاکو پێغەمبەری خۆشەویستمان (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) ڕازی بوو لەسەر خوێندنەوەکەیان، پاشان هاوەڵانیش بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی دوای خۆیان (التَّابِعِين)یان خوێندەوە، لەوانیشەوە بۆ دواتر و تاکو ڕۆژگاری ئێستامان.


٣ ـ ناوەكانی قورئانی پیرۆز

ئەم قورئانە گەورە و پیرۆزە، خوداى پەروەردگار چەندین ناوى لێ ناوە، كە هەموویان گەورەیی و فەزڵى قورئان دەردەخەن، لەو ناوانە: (القُرْ آن)، (الكِتاب)، (الفُرْقَان)، (الذِّكر)، (النُّور)، (المَوعِظَة)، (الروح)، (كَلام الله)، هەروەها چەندین ناوى دیکە، كە زانایان هەژماریان كردووە بە نزیكەى (پەنجاو پێنج) ناو، وەك ئیمامى (العُزَيزي) دەفەرموێت: (خوداى پەروەردگار كۆمەڵێك ناوى زۆرى لە كتێبەكەى ناوە، كە ژمارەیان دەگاتە پەنجاو پێنج ناو)(4).





  1. ئەم پێناسەیە بیروباوەڕى پێشینانى چاكمانە دەربارەى قورئانى پیرۆز، وە بەچەندین شێواز پێناسەیان كردووە، كە زۆربەیان لەو پێناسەیەدا كۆدەبێتەوە، كە ئاماژەمان پێى كردووە، بڕوانە ووتەى لەو بارەیەو شێخى ئیسلام لەم بارەیەوە: (مجموع الفتاوى): (144/3)
  2. بریتیە لە گواستنەوەی بەربڵاو و بەلێشاوی هەواڵێک لە هەواڵەکان، ین لەدوای چین، لە سەرەتای ڕشتەکەوە تا کۆتاییەکەی، بەشێوەیەک لای کەسی ژیر ئەستەمە هەموو هەواڵگێڕەوەکان کۆبوبنەوە لەسەر درۆ.
  3. (١) المعجم الأوسط للطبراني، حديث رقم (١٩٤٣): ٢/ ٢٥٧. قال الهيثمي في الزوائد: ١/ ١٥٢: رواه الطبراني في الأوسط ورجاله موثقون؛ وينظر: محاضرات للدكتور غانم قدوري: ص ١٦٥.
    (٢) مسند الإمام أحمد، مسند عثمان بن عفان رضي الله عنه، حديث رقم (٣٩٩): ١/ ٥٧.
  4. تهذيب وترتيب الإتقان في علوم القرآن: (1/25)