Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی چوارەم سیفەتی پیتەکان


سیفەتی پیتەکان / ٢

ـــ نێوانی توندیی‌و خاویی

پاش ئەوەی زانایان سیفەتی توندیی‌و سیفەتی خاوی‌یان یەکلاکردەوە، بۆیان دەرکەوت کە (٥) پێنج پیت هەڵگری هیچ کام لەو سیفەتانەی سەرەوە نین. واتە ئەم پێنج پیتە کە (ل. ن، ع، م، ر)ن، دەنگەکەیان بەتەواوی لە دەرچەکانیانەوە دەرناچن، واتە شێوەی دەرچوونی دەنگی ئەم پیتانە لە دەرچەکانیانەوە بە شێوەیەکی مام ناوەندی دەردەچێت، لەبەرئەوە سیفەتی نێوەندییان بۆ ئەم پیتانە هەڵبژاردووە.

کەواتە سیفەتی نێوەندیی بریتی‌یە لە دەرچوونی بەشێکی دەنگی پیتەکە لە دەرچەکەیەوە کە ئەمەش بەهۆی قایم دانەخرانی دەرچەکەوە ڕوودەدات، زۆربەی زانایان ئەم سیفەتە بە سەربەخۆیی باس ناکەن‌و بەلکو دەیکەن بە پاشکۆی سیفەتی توندیی یان سیفەتی خاویی.
کەواتە دەنگی ئەم (٥) پێنج پیتەی کە سیفەتی نێوەندی‌یان هەیە، کەمترە لە دەنگی ئەو پیتانەی کە سیفەتی خاوی‌یان هەیە.

لابردن‌و جێبەجێ‌نەکردنی سیفەتی نێوەندیی لەم پیتانەدا، کاریگەری نەرێنی بەجێ‌دەهێڵێ، بۆ نموونە دەنگی پیتی (ع) لە پیتی (همزە ـ ء) نزیک دەکاتەوە و تێکی دەدات، یاخود دەنگی پیتی (ر) دەشێوێنێ‌و نزیکی دەکاتەوە لە پیتی (ط).

هەروەها لەکاتی بەدیارنەخستنی سیفەتی نێوەندیی، (سَكْتْ) لەسەر پیتی (ن)و (م) دروست دەبێ[1].

چۆنیەتی بەدیهێنانی سیفەتی نێوەندیی لە پیتەکانی (ل، ن، ع، م، ر)دا

یەکەم / پیتی (لام - م): بەشێک لە دەنگی پیتی (ل) بە هەردوو لای زمان دەچێتەدەر، پاش ئەوەی لە بەشی پێشەوەی زمان ڕێگری لێ‌دەکرێ.
دووەم / پیتی (نون ـ ن)و (میم -. م) بەشیک لە دەنگی ئەم دوو پیتە لە برناخ (خیشوم)ەوە دەچێتەدەر پاش ئەوەی لە دەرچەکانیانەوە ڕێگری‌یان لێ‌کراوە.
سێ‌یەم / پیتی (عین ـ ع) تێپەڕبوونی بەشێک لە دەنگی ئەم پیتەو گیربوونی بەشێکی دیکەی بەهۆی گەڕانەوەی زمانە گچکە (لسان المزمار) بە ئەندازەیەکی زۆرتر بۆ دواوە ئەگەر بەراورد بکرێ بە پیتی (ح).
چوارەم / پیتی (راء ـ ر) تێپەڕبوونی بەشێکی کەمی دەنگی ئەم پیتە لە ناوەڕاستی زمان‌و بەرانبەر خۆی لە پووکی دوو بڕەری سەرەوەدا، لە کاتێکدا کە بەشی پێشەوەی زمان ڕێگری لە زۆربەی دەنگی پیتەکە کردووە.

پێوەری ماوەی پیتە ساغەکان (قياس ازمنة الحروف الصحيحة )

ــــ کاتی خایەنراوی پیتە جوڵاوەکان (متحرک) لەگەڵ ئاستەکانی قورئان خوێندنەوە (مراتب القراءة) واتە (تحقيق، حدر، تدوير ) یەکسانە، واتە کاتی خایەنراوی پیتی فەتحەدار = کاتی خایەنراوی پیتی ضمەدار = کاتی خایەنراوی پیتی کەسرەدار، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە کاتی خایەنراوی سەرو ژێرو بۆری پیتەکان تەنها لە سنووری یەک ئاستی قورئان خوێندنەوەدا یەکسان‌وهاوتایە، بۆ نمونە:
﴿كُتِبَ﴾ ﴿يَعِظُكُم﴾ ﴿سُئِلَتۡ﴾

ــــ بەڵام کاتی خایەنراوی پیتە زەنەدارەکان (ساکن)[2] گونجاوە لەگەڵ ڕۆیشتنی دەنگەکە، واتە بەگوێرەی پیتەکە درێژ یان کورت دەبێتەوە. بۆ نموونە لە وشەی ﴿يَسۡتَبۡشِرُونَ﴾، پیتی (س) بە درێژترین کات درێژ دەبێتەوە، پیتی (ن) بە کاتێکی نێوەندی دریژدەبێتەوە، پیتی (ب) بە کورتترین کات:
﴿يَسۡتَبۡشِرُونَ﴾
ـــ کاتی خایەنراوی پیتە خاوەکان زیاترە لە کاتی خایەنراوی پیتە نێوەندی‌یەکان.
ـــ کاتی خایەنراوی پیتە نێوەندی‌یەکان زیاترە لە کاتی خایەنراوی پیتە توندەکان.

ئەو هەڵانەی لەکاتی خایەنراوی پیتەکاندا ڕوودودات

١ ـــ درێژکردنەوەی کاتی خایەنراوی پیتی جوڵاو بە بەراورد لەگەڵ کاتی خایەنراوی پیتە جوڵاوەکانی تەنیشتی کە بە درێژکردنەوەی زیادە (ألتمطيط) یان (ألإدخال) ناونراوە، وەکو:
أ ـــ ﴿إِنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ﴾    درێژکردنەوەی ژێر لە پیتی (همزة ـ ء) هەڵەیەکی گەورە دروست دەکات کە بەم شێوەیەیە: (إِینَّ).
ب ـــ ﴿كُنتُمۡ﴾    لەم وشەیەدا بۆری سەر پیتی (ك) لە ئەندازەی خۆی زیاتر درێژدەکەنەوە تاکو دەبێتە (كُونتُمْ) ، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە.
ج ـــ ﴿فَمَن يَعۡمَلۡ﴾    کاتی خایەنراوی سەر لە پیتی (م)ی وشەی (فَمَنْ) لە ڕادەو ئەندازەی خۆی زیاتر درێژدەکرێتەوە تاکو وەک پیتی (ألف)ی لێ‌دی‌. واتە دەربڕینکەی بەم شیوەیە هەڵە دەبێت: (فَمَانْ يَعْمَلْ)

٢ ـــ کورتکردنەوەی پیتی جوڵاو (متحرک) بەڕادەیەکی زۆر کە بە زمانی عەرەبی پێ‌ی دەڵێن: (الإِختِلاس). بۆ نموونە:
أ ـــ کورتکردنەوەی لە ڕادەبەدەری بۆر (ضمة)ی پیتی (ر) لە وشەی ﴿يَأۡمُرُكُمۡ﴾.    کە ئەمەش دەبێتە هۆی فەوتان‌و نەبیستنی بۆرەکە‌و نزیک بوونەوەی لە زەنە (سکون).
ب ـــ دەرنەبڕینی سەر (فتحة)ی پیتی (ق)ی وشەی ﴿خَلَقَكُمۡ﴾    بەشیوەیەکی دروست، هەمان هەڵە دروست دەکاتەوە.

[٥] ـــ سیفەتی بەرزەوەبوو (الإستعلاء)

زانایان گرنگی‌یەکی زۆریان بەم سیفەتە داوە چونکە پیادەنەکردن‌و جێبەجێ نەکردنی ئەم سیفەتە هەڵەی گەورە دروست دەکات.
ئەم سیفەتە بەهۆی ئاڕاستەی دەنگی پیتەکانەوە دیاری دەکرێ، واتە ئەگەر دەنگی هەر پیتێک بە ئاڕاستەی مەڵاشووی سەرەوە هەڵکشاو بەرزبوویەوە، ئەوا ئەم پیتە هەمیشە بە قەڵەوی (مفخم) دەردەبڕێ ، پیتەکانی بەرزەوەبوو ژمارەیان حەوت پیتە: (خ، ص، ض، غ، ط، ق، ظ). لەم دەستەواژەیەدا کۆدەبنەوە (خُصَّ ضَغْطٍ قِظْ).
بۆ قەڵەوکردنی هەر پیتێک ئەم کارانەی خوارەوە ڕوودەدەن:
أ ـــ تەسک بوونەوەی گەروو.
ب ـــ بەرزبوونەوەی بەشی پشتەوەی زمان بۆ بەرانبەری لە مەڵاشووی سەرەوە.
ج ـــ چاڵ بوونەوەی (تَقَعُّر) ناوەڕاستی زمان.
لەو نموونانەی خوارەوە سەرنجی ئەوە بدە کە چۆن پیتەکانی بەرزەوەبوو قەڵەو دەکرێن لەکاتی دەربڕینیاندا:
﴿يَشَّقَّقُ﴾ ﴿قَضَىٰٓ﴾ ﴿ٱلۡقِصَاصُ﴾ ﴿وَيَقۡطَعُونَ﴾ ﴿طَغَىٰ﴾ ﴿خَابَ﴾ ﴿لَظَىٰ﴾

[٦] ـــ سیفەتی نزمەوەبوو (الإستفال)

بریتیە لە هاتنەخوارو شۆڕبوونەوەی ئاڕاستەی دەنگی پیت لەناو دەمەوە بەرەو لیوەکان کە لە ئەنجامی دابەزینی بەشی پشتەوەی زمانەوە ڕوودودات. هەموو پیتەکانی دیکەی زمانی عەرەبی جگە لە (خُصَّ ضَغْطٍ قِظْ) هەڵگری ئەم سیفەتەن. تەنها پیتەکانی (ا، ل، ر) نەبێت کە ناسکن بەڵام جارجارە قەڵەو دەکرێن. هەروەها مینگەش (الغُنَّة) هەڵگری هەردوو سیفەتی قەڵەوی‌و ناسکی‌یە. *
* لەبەر گرنگی ئەم بابەتە، ئەوا لە بەشیکی سەربەخۆدا بەناوی: قەڵەوکردن‌و ناسك کردن (التفخیم والترقیق) باس دەکرێت.

بۆ ناسککردنی هەرپیتێک ئەم کارانەی خوارەوە ڕوودەدەن:
أ ـــ فراوان بوون‌و کرانەوەی گەروو.
ب ـــ دابەزینی پشتەوەی زمان.
ج ـــ چاڵ نەبوونی بەشی ناوەڕاستی زمان.

تێبینی‌یەکی گرنگ / پراکتیزەنەکردنی ئەم سیفەتە لە هەندێک پیت دەبێتە هۆی گۆڕینیان بۆ پیتی دی، ئەگەر سیفەتی نزمەوەبووی تێدا نەما، ئەو کات دەبێت بە هەڵەی ئاشکراو گەورە (اللَّحن الجَليّ)، وەکو پیتەکانی، (ت، د، ذ، س، ك):
ـــ پیتی (ت) دەگۆڕێ بۆ پیتی (ط).
ـــ پیتی (د) دەگۆڕێ بۆ پیتی (ض).
ـــ پیتی (ذ) دەگۆڕێ بۆ پیتی (ظ).
ـــ پیتی (س) دەگۆڕێ بۆ پیتی (ص).
ـــ پیتی (ك) دەگۆڕێ بۆ پیتی (ق).




[٧] ـــ سیفەتی لکاویی (الإطباق)

سیفەتی لکاویی بریتی‌یە لە پەنگخواردن‌و گیربوونی دەنگی پیت لە نێوانی زمان‌و مەڵاشووی سەرەوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی بەشی پشتەوەی زمان‌و ناوەڕاستەکەیدا بۆ بەرانبەری خۆی لە مەڵاشووی سەرەوە هاوکات لەگەڵ پێوەنووسانی باشی ناوەڕاستی زمانەوە ڕوودودات. ئەو پیتانەی هەڵگری ئەم سیفەتەن (٤) چوار پیتن‌و بریتین لە (ص، ض، ط، ظ).
زانایانی هاوچەرخیش ئەم ڕاستی‌یە دەسەلمێنن‌و دەڵێن ئەم سیفەتە لە ڕێگای بەرزبوونەوەی دووبەشی زمان نەبێت جێبەجێ نابێت، کە بەمەش نیوانیان چاڵ دەبێتەوەو دەنگی پیتەکەی تیدا گیردەبێت.
ئیمامی (مکی) ئاستەکانی سیفەتی لکاویی بەم شێوەی خوارەوە ڕیزبەندکردووە:
أ ـــ بەرزترین ئاستی قەڵەویی لە پیتی (ط) دایە.
ب ـــ لە پیتی (ص، ض)دا، لە ئاستی نێوەندیدا یە.
ج ـــ لە پیتی (ظ)دا، لە هەموو ئاستەکان بێ هێزترە.

تێبینی /
١ ـــ سیفەتی لکاویی (الإطباق) تایبەتترە لە سیفەتی بەرزەوەبوو (استعلاء)، واتە هەموو پیتەکانی لکاویی، هەڵگری سیفەتی (بەرزەوەبوو)شن بەڵام مەرج نیە پیتەکانی بەرزەوەبوو هەڵگری سیفەتی (لکاویی)ش بن. بۆ نموونە پیتەکانی (غ، ق، خ) هەڵگری سیفەتی بەرزەوەبوون بەڵام هەڵگری سیفەتی لکاویی نین.
٢ ـــ پەیوەندی سیفەتی لکاویی بە سیفەتی ئاشکرای‌یەوە (الجهر) ئەوەیە کە هەموو پیتە لکاوەکان ئاشکران تەنها پیتی (ص) نەبێت کە هەڵگری سیفەتی چپەیە (الهمس).
٣ ـــ پەیوەندی سیفەتی لکاویی بە سیفەتی خاوی‌یەوە (الرِّخاوة) ئەوەیە کە هەموو پیتە لکاوەکان خاون تەنها پیتی (ط) نەبێت کە هەڵگری سیفەتی توندی‌یە (الشِّدّة).

پرسیار: ئایا مەرجە دەنگی هەر چوار پیتی (ص، ض، ط، ظ) وەکو یەک لە دەرچەکانیان گیر بن؟
وەڵام: نەخێر چونکە مەبەست لە سیفەتی لکاویی گیربوونی هەموو دەنگەکە نیە، تەنها لە پیتی (ط)دا نەبێت، کە دەنگی پیتەکە بە تەواوی لە دەرچەکەی پەنگدەخواتەوەو گیردەبێت.




  1. (سَكْتْ): واتە ڕاوەستانیکی کەم لەسەر پیتێک کە هەناسەی تێدا نەدرێتەوە، بە پێچەوانەی (وقف) کە ڕاوستانیکی کەمە لەسەر پیتێک کە هەناسەی تێدا دەدرێتەوە.
  2. بێجگە لەپیتەکانی درێژکردنەوە (حروف المد)و پیتەکانی (ن) و (م)ی تێکهەڵکێشکراوو شاراوە، چونکە ئەم جۆرە پیتانە کاتی خایەنراوی تایبەتی بەخۆیان هەیە.