Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی دووەم زانستی تەجوید


زانستی تەجوید (عِلمُ التَّجويد) / ٢

شێوازەکانی وەرگرتنی زانستی تەجوید
ئەم زانستە بە ڕیگەی دەمیی وەردەگیرێت، واتە لە دەمی زانایانەوە بەڕێگەی خوێندنەوەو جێبەجێکردن وەردەگیرێت. بە دوو ڕێگە:
١ ــ ڕێگەی روایە ( طريقة الرِّواية ): بەشێوەی (العَرض) یان (التَّلقين) یان بەهەردوو شێوەکە:
ـــ ( العَرض )، واتە گوێگرتنی مامۆستا بۆ خوێندنەوەی فێرخواز و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی.
ـــ ( التَّلقين )، واتە: گوێگرتنی فێرخواز بۆ مامۆستاکەی، پاشان فێرخواز ئەم خوێندنەوەیە بۆ مامۆستاکەی دووبارە دەکاتەوە.
٢ ــ ڕێگەی (درایە) طريقة الدِّراية: فێربوونی یاساکانی تەجوید‌و جێبەجێکردنیان بەسەر ئایەتەکانی قورئاندا‌و ئەگەر فێرخواز شتێکی بیر نەمابوو دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەحکامەکان‌و ڕاستکردنەوەی خوێندنەوەکەی بەگوێرەی ئەو ئەحکامانەو پاشان خوێندنەوە لە بەردەست شێخێکی شارەزادا.
باشتریش ئەوەیە کە هەردوو ڕیگەکە (ڕیگەی روایەو، ڕێگەی درایە) تێکەڵاو بکرێت.

حوکمی پابەندبوون بە (تەجوید)ەوە
دەربارەی حوکمی پابەندبوون بە (تجوید)ەوە کە زۆربەی زانایان لەسەری کۆکن، لەم خاڵانەی خوارەوەدا کۆدەبێتەوە:
١ ــ دەرچەی پیتەکان (مخارج الحروف): پابەندبوون بە دەرچەی پیتەکان بە (واجب) دەزانن، چونکە گۆڕینی دەرچەکان دەبێتە هۆی گۆڕینی پیتەکان، بۆ نموونە: پابەندنەبوون بە درچەی پیتی حاء (ح) لە وشەی ﴿ٱلرَّحۡمَٰنِ﴾   دەشێ بگۆڕێ بە خاء (خ)، یان بە (هاء)، یان بە (عین)، وەکو (الرخمن)   یان (الرهمن )   و (الرعمن).
٢ ــ پابەندبوون بە سیفەتە سەرەکی‌یەکانی پیت بە (واجب) دەزانن، مەبەستیش لە سیفەتە سەرەکی‌یەکان ئەو سیفەتانەیە کە ئەگەر لەهەر پیتێکدا جێبەجێ نەکرا، دەبێتە هۆی گۆڕینی پیتەکە بۆ پیتێکی دیکە، وەکو جێبەجێ نەکردنی سیفەتی قەڵەوی (تفخیم ) لە پیتی طاء ﴿ٱلطَّلَٰقُ﴾   کە دەبێتە هۆی گۆڕینی پیتەکە بۆ ﴿ٱلتَّلَاقِ﴾ .   بەهەمان شێوە جێبەجێ نەکردنی سیفەتی قەڵەوی (تفخیم) لە پیتی صاد (ص) کە دەبێتە هۆی گۆڕینی پیتەکە بۆ پیتی سین (س)، بۆ نموونە وشەی ﴿وَعَصَىٰٓ﴾   دەبێتە ﴿وَعَسَىٰ﴾   بەمەش واتای وشەکە دەگۆڕی.
٣ ــ پابەندنەبوون بە سیفەتە لاوەکیی و جوانکاری‌یەکان (صفات تزيينيَّةٌ تحسينيَّة) دوو بەشە:
أ ـــ ئەگەر لەنێوان مامۆستاو فیرخوازدابێت، پەیڕەوکردنی (واجب)ـە، جونکە پەێڕەونەکردنی دەبێتە بەدرۆخستنەوەی ئەو زنجیرەیەی کە لە پێغەمبەری خوداوە ( صلَّى اللهُ علَيهِ وَسَلَّمَ ) بەدەستمان گەیشتووە.
ب ـــ بەڵام ئەگەر بۆ خوێندنەوەی ئاسایی لەلایەن موسڵمانان بە گشتی‌یەوە بێت، ئەوا دەکرێ ئەم سیفەتانە جێبەجێ نەکرێنوو حوکمەکەیشی ئەوەیە ئەو کەسانە وازیان لە باشترین‌و دروستترین خوێندنەوەی قورئان هێناوە. نموونەش لەسەر جۆری هەڵەکردن لەم سیفاتانەدا، وەکو ناسککردنی پیتی (راء) ـــ ترقیق الراء ـــ لە وشەی ﴿ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ﴾  ، یاخود باش دەرنەخستنی سیفەتی چپە (الهمس) لەو پیتانەی کە هەڵگری ئەم سیفەتەن، یان چاك درێژنەکردنەوەی دەنگ لەو پیتانەی کە سیفەتی خاویی (الرخاوة)یان هەیە . . . . هتد.

چەند بەڵگەیەک لەسەر حوکمی خوێندنەوەی قورئان بە (تەجوید)
زۆرێک لە زانایان سەبارەت بە حوکمی شەرع لەبارەی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بە ( تەجوید ) فەرموویانە: قورئانی پیرۆز پێویستە بە (تەجوید)ەوە بخوێنرێتەوە. بۆ ئەم حوکمەش پشتیان بەستووە بە چەند بەڵگەیەک، لەوانە:
١ ــ خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿وَرَتِّلِ ٱلۡقُرۡءَانَ تَرۡتِيلًا﴾[1]. جا لەلایەک فەرمانەکە فەرمانی داخوازیە (فِعلُ أَمرٍ)، کە ئەصل وەهایە بۆ پێویستبوون بێت‌و، لەلایەکی دیکەوە بە مەصدەریش تەئکید کراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە خودای گەورە بۆخۆیشی فەرموویەتی: ﴿كَذَٰلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِۦ فُؤَادَكَۖ وَرَتَّلۡنَٰهُ تَرۡتِيلٗا﴾[2].
٢ ــ لە موسى الكندي (خودا لێ‌ی ڕازی بێت) دەگێڕدرێتەوە: کاتیک هاوەڵی خۆشەویست عبداللە ـــ ی کوڕی مەسعود (خودا لێ‌ی ڕازی بێت)، ئایەتی ﴿إِنَّمَا ٱلصَّدَقَٰتُ لِلۡفُقَرَآءِ وَٱلۡمَسَٰكِينِ﴾[3]ی دەخوێندەوە بە پیاوێک، ئەویش پیتی ئەلفی وشەی ﴿لِلۡفُقَرَآءِ﴾ ی تا ئەندازەی خۆی درێژنەکردەوە، ئیبن مەسعودیش فەرمووی: پێغەمبەر (صلَّى اللهُ علَيهِ وَسَلَّمَ) بەم جۆرەی بۆ نەخویندوومەتەوە، پیاوەکەش پرسیاری لە چۆنیەتی خوێندنەوەی پێغەمبەر (صلَّى اللهُ علَيهِ وَسَلَّمَ) کرد، ئیبن مەسعود (خودا لێ‌ی ڕازی بێت) فەرمووی: مەددەکەی تا ئەو ئەندازەیە درێژدەکردەوە [4].
٣ ــ پێغەمبەر (صلَّى اللهُ علَيهِ وَسَلَّمَ) فەرموویەتی:
«خُذُوا القُرْآنَ مِن أرْبَعَةٍ مِن عبدِ اللَّهِ بنِ مَسْعُودٍ، وسَالِمٍ مَوْلَى أبِي حُذَيْفَةَ، ومُعَاذِ بنِ جَبَلٍ، وأُبَيِّ بنِ كَعْبٍ»[5]. ئیمامی (نەوەوی) لە ڕاڤەکردنی ئەم فەرموودەیەدا، دەڵێ: هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم چوار هاوەڵە (خودا لێ‌یان ڕازی بێت) ئەوەبووە چونکە ئەوان لە گۆکردندا (التَّلَفُّظ) چەسپاوتربوون و لە ئەدادا لێزانتربوون (مُتْقِن)، هەرچەندە زۆر لە هاوەڵانی دی هەبوون کە شارەزاییان زیاتر بووە لە واتاو ڕاڤەی قورئاندا.
تێکڕای زانایان یەکدەنگن لەوەدا کە قورئان لە سەردەمی پێغەمبەرەوە (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ) تاوەکو ئێستاش هە بە تەجویدەوە خوێندراوەو، دەم بەدەم هەروا لە مامۆستاوە گەیشتووە بە فێرخواز.
ئیمامی (إِبْنُ الجَزَريّ)و، ئیمامی (السِّيوطي) فەرموویانە: گومانی تێدا نیە کە ئەم ئوممەتە هەر وەکو چۆن پێویستە لەسەری لە مانای قورئان تێبگات‌و سنوورەکانی نەبەزێنێت، هەروا پێویستیشە لەسەری کە وشەکانی بپارێزێت‌و بە دروستی بیانخوێنێتەوە، هەر بەو جۆرەی کە پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّمَ) خوێندوویەتیەوە، پێشەوایانیش هێناویانە، وە نابێت لێ‌ی لابدەن[6].
٤ ــ زانای شارەزا و پسپۆڕ لە بواری تەجوید و قیرائەت (إبنُ الجَزري) حوکمی قورئان خوێندنەوە دابەش دەکاتە سەر سێ بەش:
أ ــ (المحسن المأجور): ئەو قورئان خوێنەیە کە بەم شێوە دروستەی داوای لێکراوە دەیخوێنێتەوە.
ب ــ (المسيء الآثم): ئەو قورئان خوێنەیە کە توانای ڕاست کردنەوەی هەڵەکانی هەیە بەڵام بەردەوامە لەسەر خوێندنەوەی چەوت، ئەمەش بەهۆی لەخۆبایی بوون و خۆڕاهێنان لەسەر هەڵەکانی.
ج ــ (المعذور): ئەو قورئان خوێنەیە کە زمانی تەتەڵە ەکات و بۆی ڕانایەت ئیدی چ عەرەب بێت و چ غەیری عەرەب (عەجەم).
٥ ــ فەتوای ژمارە ٥٩٤٨ى (اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء) یەکێک پرسیار دەکا و دەڵێ: من هەندێک لە ئایەتەکانی قورئان بەدروستی ناخوێنمەوە، چونکە لە قوتابخانە نەمخوێندوە، ئایا من گوناهبار دەبم کە بەم شیوە نادروستە قورئان بخوێنمەوە؟
وەڵام/ واجبە لەسەرت هەوڵی ڕاستکردنەوەی خوێندنەوەی قورئان لەسەر دەستی شارەزاکان بدەیت و بەردەوام ڕاهێنان بکەیت لەسەر خوێندنەوە ڕاستەکە. هەڵبەتە ئەگەر ئەو کارە بکەیت خودای گەورە کارت بۆ ئاسان دەکات، پێغەمبەر دەفەرموێ: ئەو کەسەی شارەزایە لە قورئان خوێندنەوە لەگەڵ مەلائیکەتی (الكرام البررة)یە، ئەو کەسەش کە لە ڕێگەی خۆفێرکردنی خوێندنەوەی قورئانەوە تووشی سەخرتی دەبێت و زمانی تەتەڵە دەکات ئەوا دوو پاداشتی خێری لەسەر وەردەگرێت.
٦ ــ دەقی وەڵامی زانای پایەبەرز (ابنُ عُثَيمين) ڕەحمەتی خودای لێبێت کە لە (فتاوى نور على الدرب، رقم: ٢ـ١٥٧) دەربارەی حوکمی تەجوید بەم شێوەی خوارەوە وەڵام دەداتەوە:
(. . . لكن الوجوب بحيث نقول: من لم يقرأ القرآن بالتجويد فهو آثم، قول لا دليل عليه، بل الدليل على خلافه).
مەبەستی (شێخ عُثَيمين) لە بەواجب دانەنانی خوێندنەوەی قورئان بە تەجوید، بنەما تیۆریە جوانکاری‌یەکانیەتی چونکە لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا دەڵێت: ئەگەر مەبەست لە خوێندنەوەی قورئان بە تەجوید جێبەجێکردنی حوکمە تیۆریەکانی وەکو تێکهەلکێشان (الإدغام) و شاردنەوە (الإخفاء) و . . . هتد بێت، ئەوا واجب نیە، بەڵام ئەگەر مەبەست لە تەجوید دانەزراندن و حەق پێدان (إقامة الحروف)ی پیتەکان بێت، ئەوا واجبە جێبەجێ بکرێت، چونکە بە گۆڕینی پیتەکان یاخود بە گۆڕینی سەر و ژێر و بۆری پیتەکان، مەبەستی قورئان تێك دەچیت.





  1. سوورەتی (الْمُزَّمِّل)، ئایەتی /٤.
  2. سوورەتی (الفُرقَان)، ئایەتی /٣٢.
  3. سوورەتی (التَّوبة)، ئایەتی /٦٠.
  4. شێخ موسى نصر دەڵێ دروستی‌و ڕاستی ئەم فەرموودەیەم لە (شێخ الألباني)یەوە وەرگرتووە. (دەڵێم: شێخ الألباني دەقی فەرموودەکەو تەخریج و بڕیاری دروستی لە کتێبی "سلسلة الأحاديث الصحيحة" بە ژمارە ٢٢٣٧ هێناوەتەوە).
  5. رواه (البخاري ٤٩٩٩) و (مسلم ٢٤٦٤).
  6. النَّشر في القراءات العشر/ ب١/لا ٢٣٧، والإِتقان في علوم القرآن / ب١/لا ٣٤٦.