بسم الله الرحمن الرحيم

بەشی حەفتەم یاساکانی تەجوید لە هەندێک لە سورەتەکانی قورئاندا

یاساکانی تەجوید لە سورەتی (الفَلَق)


أَعُوذُ بِاللَّهِ مِنَ الشَّيطَانِ الرَّجِيمِ
بِسۡمِ ٱللهِ ٱلرَّحۡمَـٰنِ ٱلرَّحِيمِ

﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ ١ مِن شَرِّ مَا خَلَقَ ٢ وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ ٣ وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ ٤ وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ ٥﴾

تێبینی: ئاگاداری ئەوە بە کە هەموو پیتەکانی کۆتای ئایەتەکانی ئەم سورەتە (قەلقەلە) دەکرێت.

ئایەتی ژمارە (١)

﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ ١﴾
  • قُلۡ: پیتی (قاف) قەڵەوە و پیتی (لام) ناسکە و زەنەدارە (ساکن) لە هەردوو حاڵەتی گەیاندن و وەستاندا (وصلا ووقفا).
  • أَعُوذُ: هەموو پیتەکانی ناسکن.
  • بِرَبِّ: پیتی (راء) قەڵەوە (مفخم) چونکە سەردارە (مفتوح). پیتی (باء) ناسکە و ژێردار (مکسور) کراوە بەهۆی گەیاندن (وَصْل) بە (ئەلف و لام)ی شەمسی وشەی ٱلۡفَلَقِ بۆ ڕزگار بوون لە بەیەکگەیشتنی دوو پیتی زەنەدار (إلتِقَاءُ السَّاكِنَيْن)، وە دەبێ ژێرەکەی بەجوانی گۆبکرێ.
  • ٱلۡفَلَقِ: هەمزەی گەیاندن (هَمزَةُ الوَصل) لەکاتی گەیاندن (وصل)، لادەچێت و گۆناکرێت، بەڵام لە سەرەتای خوێندنەوەدا کە لە وشەکەوە دەست پێدەکەین، وەکو (هَمزَةُ القَطع) دەخوێندرێتەوە. (لام ـ ل)ی ناساندن قەمەری‌یە و دەردەخرێ (إظهار) لەبەر ئەوەی پیتی (ف ـ فاء) لەدوایەوە هاتووە. پیتی (ف ـ فاء) ناسکە و هەڵگری سیفەتی چپەیە (همس). پیتی (ل - لام) ناسکە. پیتی (ق - قاف) قەڵەوە (مفخم) و قەلقەلەی گەورەیە (قلقلة كبرى) چونکە لەسەری دەوەستین (وقف).


ئایەتی ژمارە (٢)

﴿مِن شَرِّ مَا خَلَقَ ٢﴾
  • مِن شَرِّ: پیتی (م - میم) ناسکە (مرقق) و پیتی (ن - نون) زەنەدارە (ساکن) و بە مینگە (غُنَّة) دەشاردرێتەوە (الاخفاء) چونکە پیتی (ش - شین) لەدوایەوە هاتووەو یەکێکە لە پیتەکانی شاردنەوە (الاخفاء). پیتی (ر - راء) گیرەدارەو ناسکە (مرقق) چونکە ژێردارە (مکسور).
  • مَا خَلَقَ: (م - میم) ناسکە. پیتی (ئەلیف) درێژکراوی ئاساییە (مَدٌّ طبيعيٌّ)، دوو جوڵە درێژدەکرێتەوە. پیتی (خ - خاء) قەڵەوە (مفخم). پیتی (ل - لام) ناسکە (مرقق)، ــ ئاگاداری ئەوە بە بەقەڵەوی دەری نەبڕی لەبەر ئەوەی کەوتۆتە نێوان دوو پیتی قەڵەو ــ . پیتی (ق - قاف) قەڵەوە (مفخم) و قەلقەلەی گەورەیە (قلقلة كبرى) چونکە بە زەنە (سکون) لەسەری دەوەستین (وقف).


ئایەتی ژمارە (٣)

﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ ٣﴾
  • وَمِن شَرِّ: (و ـ واو) ناسکە. پیتی (ن ـ نون) زەنەدارە (ساکن) و بە مینگە (غُنَّة) دەشاردرێتەوە (الاخفاء) چونکە پیتی (ش ـ شین) لەدوایەوە هاتووە کە یەکێکە لە پیتەکانی شاردنەوە (الاخفاء). پیتی (ر ـ راء) گیرەدارەو ناسکە (مرقق) چونکە ژێردارە (مکسور).
  • غَاسِقٍ إِذَا: پیتی (غ ـ غین) قەڵەوە (مفخم) و لە قەڵەوترین ئاستییەتی چونکە سەردار (مفتوح)ە و پیتی (ئەلیف) لەدوایەوە هاتووە. پیتی (س ـ سین) ناسکە (مرقق). پیتی (ق ـ ق) لە ئاستی سێیەمی قەڵەویدایە چونکە ژێردارە (مکسور)، تەنوینەکەی دەردەخرێ (اظهار) چونکە پیتی (هەمزە) لەدوایەوە هاتووە.
  • وَقَبَ: (و ـ واو) ناسکە. پیتی (ق ـ قاف) قەڵەوە. پیتی (ب ـ باء) ناسکەو لە پلەی یەکەمی قەلقەلەدایە، واتە: قەلقەلەی گەورە (قلقلة كبرى).


  • ئایەتی ژمارە (٤)

    ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ ٤﴾
  • وَمِن شَرِّ: (و ـ واو) ناسکە. (م ـ میم) ناسکە. پیتی (ن ـ نون) زەنەدارە (ساکن) و بە مینگە (غُنَّة) دەشاردرێتەوە (الاخفاء) چونکە پیتی (ش - شین) لەدوایەوە هاتووە کە یەکێکە لە پیتەکانی شاردنەوە (الاخفاء).
    پیتی (ر ـ راء) گیرەدارەو ناسکە (مرقق) چونکە ژێردارە (مکسور).
  • ٱلنَّفَّٰثَٰتِ: هەمزەی گەیاندن (هَمزَةُ الوَصل) لە سەرەتای خوێندنەوەدا وەکو (هَمزَةُ القَطع) دەخوێندرێتەوە، بەڵام لەکاتی گەیاندن (وصل)، لادەچێت و گۆناکرێت، لێرەدا هەمزەکە سەردارە (مفتوح) چونکە (لام)ی ناساندن لەدوایەوە هاتووە. (لام)ی ناساندن شەمسی‌یە و تێکهەڵکێش دەکرێ (إدغام) و گۆناکرێ لەبەر ئەوەی پیتی (ن - نون) لەدوایەوە هاتووە و هەروەها ئەم پیتە ناسکەو گیرەدارە بۆیە لەم حاڵەتەدا واتە: گیرەداری، بە درێژترین ئەندازەی مینگە (غُنَّة) هەژمار دەکرێ، (ف ـ فاء) ناسکە و هەڵگری سیفەتی چپەیە (همس)، پیتی (ئەلیف) درێژکراوی ئاساییە (مَدٌّ طبيعيٌّ)، دوو جوڵە درێژدەکرێتەوە و ناسکە، چونکە لە پێشیەوە پیتی ناسک هاتووە، (ت - تاء) ناسکە و دەبێ ژێرەکەی بەجوانی دەرببڕێ لەکەتی بەیەکگەیاندن (وصل)، لەکاتی وەستان (وقف) لەسەری بە زەنە و چپە (همس) لەسەری دەوەستین وە لەم حاڵەتەدا پیتی (ئەلف) دەبێت بە درێژکراوی توشهاتوو بە زەنە (المدُّ العارِض للسُّكُون): ٢ ـ ٤ ـ ٦ جوڵە درێژ دەکرێتەوە.
  • فِي : في: (ف ـ فاء) ناسکەو چپەدارە (مهموس)، (ي ـ ياء) درێژکراوی ئاساییە (مَدٌّ طبيعيٌّ)، دوو جوڵە درێژدەکرێتەوە لەکاتی وەستان، بەلام لەکاتی بەردەوامبوون و بە گەیشتنی بە وشەی ٱلۡعُقَدِ لادەچێ و گۆناکرێ، بۆ ڕزگار بوون لە بەیەکگەیشتنی دوو پیتی زەنەدار (إلتقِاءُ السَّاكِنَيْن).
  • ٱلۡعُقَدِ: هەمزەی گەیاندن (هَمزَةُ الوَصل) لەکاتی گەیاندن (وصل)، لادەچێت و گۆناکرێت، بەڵام لە سەرەتای خوێندنەوەدا کە لە وشەکەوە دەست پێدەکەین، وەکو (هَمزَةُ القَطع) دەخوێندرێتەوە. (لام ـ ل)ی ناساندن قەمەری‌یە و دەردەخرێ (إظهار) لەبەر ئەوەی پیتی (ع ـ عین) لەدوایەوە هاتووە، پیتی (ع ـ عین) ناسکە (مرقق)، (ق ـ قاف) قەڵەوە (مفخم)، (د ـ دال) ناسکە و لە پلەی یەکەمی قەلقەلەدایە، واتە: قەلقەلەی گەورە (قلقلة كبرى).


  • ئایەتی ژمارە (٥)

    ﴿وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ ٥﴾
  • وَمِن شَرِّ: (و ـ واو) ناسکە. (م ـ میم) ناسکە. پیتی (ن - نون) زەنەدارە (ساکن) و بە مینگە (غُنَّة) دەشاردرێتەوە (الاخفاء) چونکە پیتی (ش ـ شین) لەدوایەوە هاتووە کە یەکێکە لە پیتەکانی شاردنەوە (الاخفاء).
    پیتی (ر ـ راء) گیرەدارەو ناسکە (مرقق) چونکە ژێردارە (مکسور)، بەڵام لەکاتی وەستان لەسەری (وقف) قەڵەو دەکرێ.
  • حَاسِدٍ: (ح - حاء) ناسکە و پیتی (ئەلیف) درێژکراوی ئاساییە (مَدٌّ طبيعيٌّ)، دوو جوڵە درێژدەکرێتەوە و ناسکە، پیتی (س ـ سین) ناسکە (مرقق) و هەڵگری هەردوو سیفەتی چپە (همس) و سیفەتی فیکەدارییە (الصَّفير). پیتی (د ـ دال) ناسکە، ئەگەر وەستاین لەسەری ئەوا (قەلقەلە) دەکرێ و پلەی یەکەمی هەیە، بەڵام لەکاتی بەردەوام بوون هەر ناسکەو تەنوینەکەی دەردەخرێ (اظهار) چونکە پیتی (هەمزە) لەدوایەوە هاتووە.
  • إِذَا : هەمزەکە ناسکە (مرقق) و هەڵگری سیفەتی خاوییە (الرَّخاوة)، ئەمەش بەو واتایەی کە تێپەربوونی دەنگی ئەم پیتە پیویستی بە کەمیک لە هەناسە بۆ پاڵپیوەنانی هەیە، وە دەبێ وریای ئەوە بین کە وەک پیتی (ظ ـ ظاء) گۆنەکرێ. پیتی (ئەلیف) درێژکراوی ئاساییە (مَدٌّ طبيعيٌّ) و ناسکە، دوو جوڵە درێژدەکرێتەوە لە هەردوو حاڵەتی وەستان لەسەری (وقف) یان بەیەکگەیاندن (وصل).
  • حَسَدَ: (ح ـ حاء) ناسکە و پیتی (س ـ سین) ناسکە (مرقق) و هەڵگری هەردوو سیفەتی چپە (همس) و سیفەتی فیکەدارییە (الصَّفير). پیتی (د ـ دال) ناسکە، (قەلقەلە) دەکرێ و پلەی یەکەمی هەیە.




  • گەڕانەوە بۆ لاپەڕەی سەرەکی