پ/ چ ئایەتیك بوو کاتیك کە پێغەمبەری خودا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) خوێندییەوە، هەردوو دەستی بەرز کردەوەو دەستی کرد بە گریان؟
و/ ئایەتی ١١٨ لە سورەتی ألمائدة. خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿إِن تُعَذِّبْهُمْ فَإِنَّهُمْ عِبَادُكَ ۖ وَإِن تَغْفِرْ لَهُمْ فَإِنَّكَ أَنتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ ١١٨﴾ ألمائدة
واتە: ئەگەر تۆ سزایان بدەیت، بێگومانە کە بەندەی خۆتنو، کەسیش بۆی نییە هیچ بڵێت، ئەگەر لێشیان ببوریت، ئەوە خۆت چاك دەزانیو، بۆ خۆشت دەسەڵاتدارو کارجوانی.
پ/ جوانی ژیانی دونیا چیە کە لە قورئاندا باس کراوە؟
و/ ماڵ و منداڵ. خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِينَةُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۖ وَالْبَاقِيَاتُ الصَّالِحَاتُ خَيْرٌ عِندَ رَبِّكَ ثَوَابًا وَخَيْرٌ أَمَلًا ٤٦﴾ألكهف
واتە: ماڵ و منداڵ زینەت و جوانی ژیانی دنیان، (کەوابوو هەق نییە کەسێکی پێبخڵەتێ)، وە کارو کردەوە چاکە هەرماوەکان، (وەکو خزمەت بە دین و بەخەڵک و ئاوەدانکردنەوەی شارو گوندو هەر کارێکی دی لەو شێوە)، باشترەو باشترین هیوایە بۆ مرۆڤ.
(ئیبن کەثير) دەڵێت: زۆربەی ڕیوایەتەکان دەڵین: وَالْبَاقِيَاتُ الصَّالِحَاتُ، زیکری (سُبْحَانَ اللهِ، وَالْحَمْدُ لِلَّهِ، وَلَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ، وَاللهُ أَكْبَرُ)ه.
پ/ کام سورەت بەناوی بەری دوو درەخت دەست پێدەکات؟
و/ سورەتی (ألتِّين). خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿وَالتِّينِ وَالزَّيْتُونِ ١﴾ ألتِّين
واتە: سوێند بە هەنجیرو زەیتون (کە دوو میوەی بە سوودو بە کەڵکن، سوێند خواردنی خودا بە دروستکراوانی بۆ سەرنج ڕاکێشانمانە، بەڵام سوێند خواردنی ئێمە گەورەیی و گرنگی سوێند پێ خۆراوەکە دەگەیەنێت).
پ/ سورەتێکە، پێغەمبەری خودا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دەربارەی فەرموویەتی: « وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ إِنَّهَا لَتَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ » رواه البخاري.
واتە: سوێند بەو زاتەی گیانی منی بەدەستە، بەڕاستی ئەو سورەتە یەکسانە بە سێیەکی قورئان.
و/ سورەتی (ألإخلاص).
پ/ ئەو پادشایە کێبوو کە منداڵە نێرینەکانی کۆمەڵیک لە گەلەکەی دەکوشتو، منداڵە مێینەکانی دەهێشتەوە؟
و/ ئەو پادشایە (فیرعەون) بوو.
پ/ لە چ سورەتیکدا تەبەنی (ألتَّبَنِّي) تێیدا پوچەڵ کراوەتەوە؟
و/ لە سورەتی ألأحزاب ئایەتی ژمارە ٤ و ٥.
پ/ چەند ئایەتێك هاتووە لە قورئاندا، کە چاردە ناوی خودای گەورەی تێدا باس کراوە، ئەو ئایەتانە کامانەن؟
و/ ئایەتی: ٢٢ و ٢٣ و ٢٤ ى سورەتی (ألحشر).
پ/ لە چ سورەتێکدا چیرۆکی کورەکانی ئادەم (عَلَيْهِ السَّلام) باس کراوە؟
و/ لە سورەتی (ألمائدة).
پ/ چ سورەتێك لە فیتنەی دەجال دەمانپارێزێت؟
و/ سورەتی (ألكهف).
پ/ کام ئایەتە هەموو پیتەکانی عەرەبی لەخۆ گرتووە؟
و/ ئایەتی ٢٩ى سورەتى (ألفتح). خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿مُّحَمَّدٌ رَّسُولُ اللَّـهِ ۚ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ ۖ تَرَاهُمْ رُكَّعًا سُجَّدًا يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِّنَ اللَّـهِ وَرِضْوَانًا ۖ سِيمَاهُمْ فِي وُجُوهِهِم مِّنْ أَثَرِ السُّجُودِ ۚ ذَٰلِكَ مَثَلُهُمْ فِي التَّوْرَاةِ ۚ وَمَثَلُهُمْ فِي الْإِنجِيلِ كَزَرْعٍ أَخْرَجَ شَطْأَهُ فَآزَرَهُ فَاسْتَغْلَظَ فَاسْتَوَىٰ عَلَىٰ سُوقِهِ يُعْجِبُ الزُّرَّاعَ لِيَغِيظَ بِهِمُ الْكُفَّارَ ۗ وَعَدَ اللَّـهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ مِنْهُم مَّغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا ٢٩﴾ ألفتح.
پ/ بۆ سورەتی ألنِّساء ئەو ناوەی لێنراوە؟
و/ سورەتی (ألنِّساء)، واتە: ژنان، بەو ناوە ناونراوە، چونکە جگە لەوەی ئەو سورەتە پڕە لە یاسای جۆراوجۆری شەرعیی، لەوانە یاسای ڕێکخستنی کاروباری دەرەوەی موسلمانان، بایەخیش دەدات بە کاروباری ژنان، بە جۆرێك کە دەتوانین بڵێین تەوەرەکەی هەر باسی کاروباری ژنانە واتە ئەو ئەحکامەی کە پەیوەندی هەیە بە ژنان بە شیوەیەکی گشتی لەم سورەتەدایە بە بەراورد لەگەڵ سورەتەکانی دیکەی قورئان وەك سورەتی (ألطَّلاق).
پ/ ئەو سورەتە کامەیە کە بە سورەتی (ألنِّساء الصغرى) ناسراوە؟
و/ سورەتی (ألطَّلاق).
پ/ ئەو جاڕچیە کێیە کە ئاماژەی پێدراوە لەم ئایەتە پیرۆزەدا؟
خودای گەورە دەفەرموێ:
﴿فَتَوَلَّ عَنْهُمْ ۘ يَوْمَ يَدْعُ الدَّاعِ إِلَىٰ شَيْءٍ نُّكُرٍ ٦﴾ألقمر
واتە: جا کەوابوو پشتیان لێ هەڵ بکە (ئەی موحەممەد ــ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)، چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بکە کە جارچیەکە بانگی خەڵک دەکات بۆ شتێکی زۆر ناخۆش و نالەبار. و/ مەبەست لەو جاڕچیە ئیسڕافیل (عَلَيْهِ السَّلام)ـە کە بانگی خەلکی دەکات بۆ (رۆژی حەشر).
پ/ ئەو ئایەتە کامەیە ئەگەر موسڵمان بە شەو بیخوێنێ، خودای گەورە تاکو بەیانی دەیپارێزێ و شەیتان لێی نزیك ناکەوێتەوە؟
و/ ئایەتی کورسی (آية الكرسي).
پ/ ئەو ئایەتە پیرۆزە لەبارەی کێ هاتە خوارەوە؟
﴿مَن كَفَرَ بِاللَّـهِ مِن بَعْدِ إِيمَانِهِ إِلَّا مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُ مُطْمَئِنٌّ بِالْإِيمَانِ وَلَـٰكِن مَّن شَرَحَ بِالْكُفْرِ صَدْرًا فَعَلَيْهِمْ غَضَبٌ مِّنَ اللَّـهِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ ١٠٦﴾ ألنَّحل
و/ عەمماری کوڕی یاسر (رَضيَ اللهُ عَنْهُ).
پ/ ئەو سورەتەی کامەیە ئەگەر لە ماڵدا بخوێندرێت، شەیتان لەو ماڵە ڕادەکات؟
و/ سورەتی (ألبقرة).
پ/ سێ سیفەتی (پارێزگاران "ألمتَّقين") کە لە سەرەتای سورەتی (ألبقرة)دا هاتووە کامانەن؟
خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿الم ١ ذَٰلِكَ الْكِتَابُ لَا رَيْبَ ۛ فِيهِ ۛ هُدًى لِّلْمُتَّقِينَ ٢ الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنفِقُونَ ٣﴾ ألبقرة
و/ ١ـــ باوەڕهێنان بە هەموو شتێكي غەيبي و ناديار وەکو: بەهەشت و دۆزەخ و فریشتە و زیندووبوونەوە.
٢ــ كردني نوێژەکان بەڕاستی و بەشێوەیەکی تێرو تەسەڵ گشت کات لە کاتی خۆیدا نوێژەکانیان دەکەن.
٣ــ لەو ڕزق و ڕۆزییانەی کە خودای گەورە پێی بەخشیون، لە ڕێگەی خێردا دەبەخشن و زەکاتی لێدەدەن.
پ/ ئەو سورەتە کامەیە کە پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرموویەتی، لە کاتی خەوتنتان (واتا پێش خهوتن) بخوێندرێت، بەندەکان ڕزگار دەکات لە هاوەڵدانان بۆ خودا؟
و/ سورەتی: ألكافرون.
﴿قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ ١ لَا أَعْبُدُ مَا تَعْبُدُونَ ٢ وَلَا أَنتُمْ عَابِدُونَ مَا أَعْبُدُ ٣ وَلَا أَنَا عَابِدٌ مَّا عَبَدتُّمْ ٤ وَلَا أَنتُمْ عَابِدُونَ مَا أَعْبُدُ ٥ لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِيَ دِينِ ٦﴾ ألكافرون
پ/ ئەو سورەتە کامەیە کە تکاو ڕجا (شەفاعەت) دەکات بۆ هاوەڵەکەی (ئیماندار کە خویندوویەتی) هەتاکوو خوادی گەورە لێی خۆش دەبێت؟
و/ سورەتی (ألمُلْك).
قال رسول الله (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ): « إنَّ فِي الْقُرْآنِ ثَلَاثُونَ آيَةً شَفَعَتْ لِصَاحِبِهَا حَتَّى غُفِرَ لَهُ » رواه أبو داود و الترمذي و غيرهما، و هو حديث صحيح.
پ/ هۆکاری دابەزینی ئایەتەکانی (میرات، بە عەرەبی: آيات المواريث) لە سورەتی (ألنساء) چیبوو؟
و/ ئیمامی ئەحمەد و ئەبو داوود و ترمذی و حاکم لە جابیرەوە دەگێڕنەوە، دەڵێت: خێزانی سەعدی کوڕی ڕەبیع هات بۆ لای پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)، گوتی: ئەی پێغەمبەری خودا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئەوانە دوو کچەکەی (سەعد ـ ی کوڕی ڕەبیع)ن، کە بابیان لەگەڵ تۆ لە شەڕی (ئوحود) دا شەهید بوو، مامەکەیان هەموو ماڵەکەیانی بردووە، ئەوانیش مارە ناکرێن ئەگەر ماڵیان نەبێت، پێغەمبەری خودا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: خودای گەورە دەربارەی ئەوە بڕیار دەدات ... ئیدی ئایەتی (میرات) دابەزی و پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نادری بەدوای مامەکەیان و فەرمووی: (دوو لەسەر سێی مالەکەی (سەعد) بدە بە دوو کچەکەی (سەعد) یەک لەسەر هەستی بدە بە دایکیان و ئەوەش مایەوە بۆ خۆت).
پ/ حوکمی چیە ئەگەر نوێژخوێن سورەتی (الفاتحة) نەخوێنێ لە نوێژدا؟
و/ نوێژەکەی بەتالە.