Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی سێیەم پیتەکانی عەرەبی


پیتەکانی عەرەبی


پێناسەی پیت

پیت ئەو دەنگەیە کە لە دەرچەیەکی (مخرج) دیاریکراو (مُحَقَّق) یان نادیارەوە (مُقَدَّر) دەردەچێت‌و دەبیسترێ[1] .


  

پیتەکانی عەرەبی

پیتەکانی هیجائی (گۆیا). کە بەعەرەبی پێی دەڵێن: الحُروفُ الهِجَائِيَّةُ المَنْطوُقَةُ
پیتەکانی ئەبجەدی (نوسراو). کە بەعەرەبی پێی دەڵێن: الحُروفُ الأبْجَدِيَّةُ المَكْتُوبَةُ

پیتەکانی هیجائی (گۆیا): ژمارەیان (٢٩) پیتە کە (نصر بن عاصم الليثي)، مردووی ساڵی (٩٠)ی کۆچی بەگوێرەی پیتە هاوشێوەکان ڕیزبەندیی بۆ کردووەو خاڵی بۆ داناوە بۆ لێک جوداکردنەوەی پیتە لەیەکچووەکان:

  

پێویستە ئەوە بزانین کە یەکەم پیتی زمانی عەرەبی لەو ڕیزبەندی‌یەی سەرەوەدا پیتی (ء ـــ همزة)یە نەک پیتی (ألف)، دواتر پیتی (ألف) بە شێوەی () نووسراوە، چونکە پیتی (ألف) هەردەم زەنەدارە (ساکن) وە پیتی پێشی تەنها لەسەرە (مفتوح)، لەبەرئەوە پیتی (ل)ی لەپێش دانرا. هەروەها ئەم پیتە وەکو هیچ پیتێکی دی نیە کە سەرو ژیرو بۆر (فتحة وكسرة وضمة) قەبووڵ بکات.

پیتەکانی ئەبجەدی (نوسراو): بەلای هەندێک لە زانایان ژمارەی پیتە عەرەبی‌یەکان (٢٨) پیتن، ئیدی بە بەراورد لەگەڵ ڕیزبەندیی یەکەم یەک پیتی کەمە، ئەم پیتەش پیتی (ء ـــ همزة)یە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونکە هەر لە زووەوە و بەر لە دابەزینی قورئانیش پیتی (ء ـــ همزة) گۆ (نَطق) دەکرا و نەدەنووسرایەوە، تاکو زانای پایەبەرز (خليل بن أحمد الفراهيدي) نووسینێکی تایبەتی بۆ پیتی (ء ـــ همزة) دانا کە بەم شێوەی ئێستایە. وە بەم شێوەی خوارەوە ڕیزبەندیی بۆ کراوە:



تێبینی: زانایان سەبارەت بە ژمارەی پیتە عەرەبی‌یەکان سێ ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە:
١ ـــ (٢٨) پیتن، بەو پێ‌یەی کە (ء ـــ همزة)و (ألف) یەک پیتە بەتایبەتی لە سەرەتای وشەدا.
٢ ـــ (٢٩) پیتن، بەو پێ‌یەی کە (ء ـــ همزة) پیتێکەو (ألف) پیتێکی دیکەیە.
٣ ـــ (٣٠) پیتن بەو پێ‌یەی کە مینگە (الغُنَّة)ش پیتێکەو دەرچەیەکی سەربەخۆی هەیە.

حاڵەتەکانی پیتی عەرەبی

حاڵەتەکانی پیتی عەرەبی جگە لە پیتی (ألف) دوو جۆرن:
ــــ یەکەم: حاڵەتی زەنەداری (سکون ).
ــــ دووەم: بزواو (متحَرِّك) واتە: لەسەر (مفتوح ) (ئەو پیتەی کە سەری هەیە)، لەبەر (مضموم ) (ئەو پیتەی کە بۆری هەیە)، لەژێر (مكسور ) (ئەو پیتەی کە ژێری هەیە).
بەڵام سەبارەت بە پیتی (ألف) تەنها زەنەدارە (ساکن)و هەمیشە پیتی پێش خۆی لە وشەکە تەنها لەسەرە (مفتوح).
ــــ هەروەها پیتی گیرەدار (ألحرف المشدد ) لە دوو پیت پێکهاتووە: یەکەمیان زەنەدارە (ساکن)ە و دووەمیان جوڵاو (متحَرِّك)ە.

نموونەی پیتی زەنەدار (ساکن)


نموونەی پیتی بزواو (متحرِّك):

جووڵە
جۆر
نموونەی پیت
 
سەر (فەتحە)
بۆر (ضمە)
ژیر (کەسرە)

نموونەی پیتی گیرەدار (ألحرف المشدد) :





چۆنیەتی دروستبوونی پیتەکان

یەکەم / پیتی زەنەدار (ساکن) بەم شێوەی خوارەوە دروست دەبێ:
لەگەڵ بەیەکگەیشتنی هەردوو لای ئەندامی دەربڕینی پیتەکە حاڵەتی (سکون) دروست دەبێ.
دووەم / پیتی جوڵاوە (متحرک) بەم شێوەیە دروست دەبێ:
بە لێک دوورکەوتنەوەی هەردوو لای ئەندامی دەربڕینی پیتەکە‌و هاوکات دەرچەی سەر (فتحة) یان ژێر (كسرة) یان بۆر (ضمة)ی لەگەڵدا دەبێت.

      


سێ‌یەم / پیتەکانی درێژکراوو نەرم (حروف المَدّ واللين)، واتە: پیتەکانی (ألف، واو، ياء)، ئەم (٣) سێ پیتە بە لەرینەوەی دەنگە ژێ‌یەکان (الأوتار الصَّوتيَّة) دروست دەبن‌و بەم تایبەتمەندی‌یانەی خوارەوە لە یەکتری جودادەکرێنەوە:
١ ـــ سەبارەت بە پیتی (ألف) دەم بەشێوەیەکی مام ناوەندی دەکرێتەوەو زمانیش بە هەرسێ بەشی پێشەوەو ناوەڕاست‌و دواوەی لەناو دەمدا لەباری ئاسایی‌دا دەبێت.
٢ ـــ سەبارەت بە پیتی (واو) لێوەکان بەتوندی‌و بە ئاراستەی دەرەوە خڕدەکرێنەوە، هەروەها بەشی پشتەوەی زمان لەگەڵ بەرانبەر خۆی لە نەرمە مەڵاشوو بەرز دەبێتەوە.
٣ ـــ سەبارەت بە پیتی (ياء) بە دابەزاندنی شەویلاکی خوارەوە لەگەڵ بەرزکردنەوەی ناوەڕاستی زمان بۆ بەرانبەر خۆی لە مەڵاشووی سەرەوەدا دروست دەبێت.



  1. ـــ دەرچەی دیایکراو (المخرج المُحَقَّق): ئەو دەرچەیەیە کە پشت دەبەستێ بە بەشێکی دیاریکراو لە بەشەکانی گەروو یان زمان یان لووت.
    ـــ دەرجەی نادیار (المخرج المُقَدَّر): ئەو شوێنی دەرچوونەیە کە پشت نابەستێت بە بەشێکی دیاریکراو، بۆیە لە بۆشایی نێوان گەروو و دەمدا دەردەچێت، کە مەبەست پێی پیتەکانی (مَــــــــــــدّ)ە.