Zanstitajweed.com

بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
اللَّهُمَّ إِنِّي عَبْدُكَ وَابْنُ عَبْدِكَ وَابْنُ أَمَتِكَ نَاصِيَتِي بِيَدِكَ مَاضٍ فِيَّ حُكْمُكَ عَدْلٌ فِيَّ قَضَاؤُكَ أَسْأَلُكَ بِكُلِّ اسْمٍ هُوَ لَكَ سَمَّيْتَ بِهِ نَفْسَكَ أَوْ أَنْزَلْتَهُ فِي كِتَابِكَ أَوْ عَلَّمْتَهُ أَحَدًا مِنْ خَلْقِكَ أَوْ اسْتَأْثَرْتَ بِهِ فِي عِلْمِ الْغَيْبِ عِنْدَكَ أَنْ تَجْعَلَ الْقُرْآنَ رَبِيعَ قَلْبِي وَنُورَ صَدْرِي وَجِلَاءَ حُزْنِي وَذَهَابَ هَمِّي       ||     ئەی خودایە من بەندەی تۆم و کوڕی بەندەی تۆم و کوڕی کۆیلەی تۆم، ناوچاوانم بەدەستی تۆیە، فرمان و بڕیارت بەسەرمدا جێ بە جێیە، بڕیاردانت بەسەرمدا دادپەروەرانەیە. داوات لێدەکەم بەهەموو ناوەکان کە هی تۆیە، خۆتت پێی ناوناوە، یان لە کتێبەکەتدا دادبەزاندووە یان یەکێک لە دروست کراوەکانی خۆتت فێر کردووە یان لە عیلمی غەیبدا لای خۆت هێشتوەتەوە، قورئانی پیرۆز بکەرە بەهاری دڵەکەم و روناکی سینەم و نەهێشتنی خەم و پەژارەم    
-:-:-

بەشی سێیەم دەرچەی پیتەکان (مَخارِجُ الحُروف)


دەرچەی پیتەکان (مَخارِجُ الحُروف) / ٣

پێشەوەی زمان لەگەڵ بەشی سەرەوی دوو بڕەڕی خوارەوەدا
سێ پیت لەم دەرچەیەدا دەردەچن، ئەوانیش:
ــــ پیتی (صاد ـ ص ) و (سین ـ س ) و (زای ـ ز )

نموونەی پیتی (صاد ـ ص): ﴿ٱلصِّرَٰطَ﴾ ﴿صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ﴾ ﴿صَلۡصَٰلٖ﴾    ﴿ٱصۡلَوۡهَا فَٱصۡبِرُوٓاْ أَوۡ لَا تَصۡبِرُواْ سَوَآءٌ عَلَيۡكُمۡۖ﴾
نموونەی پیتی (سین ـ س): ﴿قُلۡ مَن رَّبُّ ٱلسَّمَٰوَٰتِ ٱلسَّبۡعِ وَرَبُّ ٱلۡعَرۡشِ ٱلۡعَظِيمِ﴾
نموونەی پیتی (زای ـ ز):    ﴿فَٱلزَّٰجِرَٰتِ زَجۡرٗا﴾

چەند ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەم سێ پیتە
زانایان بە زۆر شێوە باس لە دەرچەی ئەم سێ پیتە دەکەن، دەشێت بۆچوون‌و دەستەواژە لێک جیاوازەکان هەمان مەبەستیان هەبێت‌و تەنها لە شێوەی دەربڕینی وشەکاندا لێک جیاوازبن، وەکو:
١ ــ هەندێک لە زاناین دەستەواژەی تیخی دوو بڕەڕی خوارەوە بەکاردەهێنن.
٢ ــ هەندێکی دیکەیان دەستەواژەی سەرەوەی دوو بڕەڕی خوارەوە بەهاردەهێنن.
٣ ــ هەندێکی دی دەستەواژەی نێوان دوو بڕەڕی خوارەوەو سەرەوە بەکاردەهێنن.
مەبەستی ئەم سێ بۆچوونە، لێک نزیکن کە گوزارشت لە بۆچوونی ئیمامی (إبن الجزري)و ئیمامی (الشاطبي) دەکەن، بەڵام (محمد المرعشي) بۆچوونێکی جیاوازی هەیە، کە دەڵێ دەرچەی ئەم پیتانە لە هەردوو دیوی ناوەوەی بڕەڕەکانی سەرەوە دروست دەبێ چونکە دەنگی ئەم پیتانە لە بڕەڕەکانی خوارەوە کۆتایی پێ‌نایەت، بەڵکو لەنێوان بەشی پێشەوەی زمان‌و هەردوو بڕەڕەکانی سەرەوە تێپەردەبێت‌و تەواو دەبێت. هۆکاری لێکدانەوەی ئەم زانایە بەم چەشنەیە چونکە پێناسەی دەرچەی پیت لەلایەن ئەو شوێنی کۆتایی هاتنی دەنگە، نەوەکو شوێنی دەستپێکردنی دەنگی پیتەکە بیت.

تێبینی‌یەکی گرنگ /
دەبی ووریابین پیتی (ص)و (س) تێکەڵ نەکەین بە تایبەتی لە ووشەکانی: ﴿ٱلصِّرَٰطَ﴾ ﴿ٱلۡمُسۡتَقِيمَ﴾



پێشەوی زمان لەگەڵ تیخی دوو بڕەڕی سەرەوەدا
لەم دەرچەیەدا (٣) سێ پیت دروست دەبن، کە بریتین لە:
ــ پیتی(ظاء ـ ظ ) و (ذال ـ ذ ) و (ثاء ـ ث )

نموونەی پیتی (ظاء ـ ظ): ﴿أَيۡقَاظٗا﴾    ﴿وَمَا ظَلَمۡنَٰهُمۡ وَلَٰكِن كَانُواْ هُمُ ٱلظَّٰلِمِينَ﴾
نموونەی پیتی (ذال ـ ذ): ﴿أَذۡكُرۡكُمۡ﴾    ﴿وَٱلذَّٰكِرِينَ ٱللَّهَ كَثِيرٗا وَٱلذَّٰكِرَٰتِ﴾
نموونەی پیتی (ثاء ـ ث): ﴿ٱلثَّوَابُ﴾ ﴿ثَجَّاجٗا﴾       ﴿ ثُمَّ إِنَّكُمۡ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ تُبۡعَثُونَ﴾

زۆربەی زاناین خوێنەران لە ئەوە ئاگادار دەکەنەوە کە نابێ سەری زمان لە تیخی دوو بڕەڕەکانی سەرەوە بە ئەندازەیەکی زۆر بێتە دەرەوە. لەم ڕیزبەندی‌یەی سەرەوەدا یەکەم جار پیتی (ظاء)مان دانا، چونکە بەهۆی سیفەتی (إطباق)[1] ەوە زمان بەرەو ناوەوەی دەم دەگەڕێتەوە، ئیدی دەشێ بۆ دوو پیتەکەی دی‌و بە تایبەتی بۆ پیتی (ثاء) سەری زمان بە ئاستەم لە تیخی دوو بڕەڕی سەرەوە بەرەو ئاڕاستەی دەرەوە دەربچیت[2].

بۆ ئاگاداری / ئەوەی هەڵەی تێدا دەکرێ لەم سێ پیتە ئەوەیە کە (ظ) بە (ذ) یان (ز) دەگۆڕدرێ، وە (ذ) بە (ز)، وە (ث) بە (س) دەگۆڕدرێ، کە هەرسێ پیتەکە لە یەکتر جودادەکرێتەوە بە سیفاتەکانیان.



ناوەوەی لێوی خوارەوە لەگەڵ لاپەڕەی دوو بڕەڕی سەرەوەدا
ــ پیتی (فاء ـ ف ) لەم دەرچەیە دروست دەبێ

نمونەی پیتی (فاء ـ ف): ﴿وَٱلصَّٰٓفَّٰتِ صَفّٗا ١ فَٱلزَّٰجِرَٰتِ زَجۡرٗا ٢﴾

دەتوانرێت بگوترێ ئەم پیتە لە پیتە لێوی‌یەکانە جونکە لێوی خوارەوە بەشدارە لە دروستکردنیدا، لەهەمان کاتیشدا دەتوانرێت بگوترێ لە پیتەکانی دەمە، چونکە ددانەکانی سەرەوەش بەشدارن.

بۆئاگاداری / هەندێ کەس ئەم پیتە بەچاکی دەرنابڕن بەوەی هەردوو ئەندامی دەربڕینی پیتەکە بە توندو تۆڵی لەسەر یەکتری دانانین، ئەوەش دەبیتە هۆی ئەوەی کە پیتەکە وەک (ڤ)ی کوردی دەربچێ.



لە نیوان هەردوو لێو
بەگوێرەی ڕیزبەندی ئیمامی (إبن الجزري)و (الشَّاطبي) هەرسێ پیتەکانی ئەم دەرچەیە بەم شێوەی خوارەوەیە:
ــ پیتی (واو ـ و)ی درێژنەکراوە
ــ پیتی (باء ـ ب)
پیتی (میم ـ م)

ــــ یەکەم / پیتی (واو ــ و )ی درێژنەکراوە: ئەم پیتە لە هەمووان لە ژوورترە، هەروەها نزیکتریشە لە ناوەوەی دەم کە بە خڕبوونەوەی هەردوو لێوەکان بە ئاڕاستەی دەرەوە دروست دەبێ، هاوکات لەگەڵ بەربوونەوەی بەشی پشتەوەی زمان بۆ بەرانبەر خۆی لە مەڵاشووی سەرەوەدا.

نمونەی پیتی (واو ــ و)ی درێژنەکراوە: ﴿وَٱلۡيَوۡمِ ٱلۡمَوۡعُودِ ٢﴾    ﴿وَلَوۡ عَلَىٰٓ أَنفُسِكُمۡ أَوِ ٱلۡوَٰلِدَيۡنِ﴾

تێبینی / ١: خڕکردنی لێوەکان وەکو بازنەیەکی لێدێ، بەڵام فشاری ناخرێتە سەرو توندی لەگەڵ ناکرێت.
تێبینی / ٢: ئەم (واو ـ و)ە جودایە لەگەڵ (و)ی درێژکردنەوە (الواو المدِّيَّة) کە لەسەرەتای پیتەکان باسمان کرد، چونکە ئەم (واو)ە لێرە مەرج نیە زەنەدار بێت‌و پێشەکەی لە ڕەگەزی خۆی بێت. چونکە ئەگەر (و) زەنەدار بوو وە پێشەکەی (بۆر ـ ضمة) بوو، ئەوە (و)ی درێژکردنەوەیەو شوێنی دەرچوونی بۆشایی دەم‌و گەرووە (الجوف).

ــــ دووەم / پیتی (باء ـ ب ) : ئەم پیتە بەشێوەیەکی مامناوەندی هەڵکەوتووە، واتە نە لەناوەندی دەم نزیکە و نە لە بەشی دەرەوەی لێوەکانیش نزیکە، دەرچەی ئەم پیتەش بە لیکدان‌و نووساندنی هەردوو لێوەکان لەسەر یەکتر دروست دەبێ.

نمونەی پیتی (باء ـ ب): ﴿وَأَبۡقَىٰٓ﴾    ﴿تَبَّتۡ يَدَآ أَبِي لَهَبٖ وَتَبَّ ١﴾

ــــ سێ‌یەم / پیتی (میم ـ م ): ئەم پیتە بەشی دەرەوەی لێوەکان کە بە لێکدان‌و نووساندنیان بەیەکتری‌یەوە دروست دەبێت.

نمونەی پیتی (میم ـ م): ﴿أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾    ﴿ثُمَّ إِنَّ لَهُمۡ عَلَيۡهَا لَشَوۡبٗا مِّنۡ حَمِيمٖ ٦٧﴾

تێبینی: پیتی (م) دوو بەشە، نیوەی لە لێوەکان دەردەچێ وە نیوەکەی دی کە مینگەیە (غُنَّة) لە بۆشایی ناوەوەی لووت دەردەچێ.


بڕناخ (الخیشوم) بۆشایی لووت لەناوەوە

ئەو بۆشایی‌یەی کە لە بەشی سەرەوەی لووتەوە دەستپێدەکات تاکو دەگاتە گەروو، پێ‌ی دەگوترێ بڕناخ (الخیشوم)، ئەم دەرچە نادیارە، لە دروستکردنی دوو پیتدا، کە پیتی (نون ـ ن)و (میم ـ م)ن، بەشدارە، لەبەر ئەوە هەندێک لە زانایان دەڵێن هەریەک لە پیتی (ن)و (م) دوو دەرچەیان هەیە، یەکەمیان دەرچەی دەمەو دووەمیان دەرچەی بڕناخە، سەبارەت بە بەشە دەرچەی دەمیی پیتی (ن) بریتی‌یە لە پێشەوەی زمان لەگەڵ پووکی دوو بڕەری سەرەوە، هەروەها بەشە دەرچەی دەمیی پیتی (م) هەردوو لێوەکانە، دەرچەی دووەمی بەشداربوو بۆ هەردوو پیتەکان کە بڕناخە دروستکەری مینگەیە (الغُنَّة)[4]. ئەم مینگەیەش سیفەتێکەو لەم دوو پیتە جودا نابێتەوەو بەشێکە لێ‌یان، ئیدی جا هەر چۆنێک بن، ئاشکرا یان تێکهەڵکێشکراو یان شاراوە بن یان سوککراو بن، زەنەدار یان جوڵاو بن.

سەبارەت بەم دەرچەیە، د. أيمن سويد دەڵێ:
مینگە (الغُنَّة) بەشێکە لە پیتی (ن)و لە پیتی (م)و بەڵکو تەواوکەری نیوەی ئەو دوو پیتەیەو لێ‌یان جودا نابێتەوە، وە درچەکەشیان بڕناخە (خیشوم)، لەم حاڵەتەدا مینگە بە پیت لیکدەدرێتەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەتوانین بڵێین مینگە (الغُنَّة) سیفەتە لەبەرئەوەی ئاستەکانی درێژکردنەوەی لەو دوو پیتەدا تەرازووی خۆی هەیەو دەگۆڕێ بە پێی حاڵەتەکانی لە دەرخستن(الإِظهار)و تێکهەڵکێشان (الإِدغام)و شاردنەوە (الإِخفاء)دا، هەروەها بەگوێرەی حاڵەتی جوڵاوەیی یان زەنەداری یان گیرەداری (مشدد) دیاری دەکرێ، بۆیە لەم لایەنەوە دەڵێین سیفەتە.

پیتی (نــون ـ ن )و (میــم ـ م )
نموونەی پیتی (نــون ـ ن): ﴿إِنَّكَ﴾    ﴿سُنَّةَ﴾    ﴿إِنَّ لِلۡمُتَّقِينَ مَفَازًا ٣١﴾   
نمونەی پیتی (میم ـ م): ﴿أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾    ﴿ثُمَّ إِنَّ لَهُمۡ عَلَيۡهَا لَشَوۡبٗا مِّنۡ حَمِيمٖ ٦٧﴾

دەرچەی پیتەکان تەواو بوو


بەکۆتاییهاتنی دەرچەی پیتەکان، دوو تێبینی گچکەم هەیە:
تێبینی / ١: ناسینی شوێنی دەرچوونی پیت: ئەگەر ویستت شوێنی دەرچوونی پیتێک بزانیت، ئەوا ئەو کات پیتەکە بە زەنەداری یان گیرەدار (مشدد)و، هەمزەیەکی جوڵاو (متحرک) لەپێشی دابنێ، جا لە هەرشوێنێک دەنگی پیتەکە کۆتایی هات ئەوا ئەو شوێنە شوێنی دەرچوونی پیتەکەیە، وەک (أَبْ)، (أَقْ)، (أَمْ)[3].
تێبینی / ٢: دەرچەی دیاریکراو (المخرج المُحَقَّق)و دەرچەی نادیار (المخرج المُقَدَّر) [5]:
هەموو پیتەکان شوێنی دەرچوونیان دیاریکراوە، لەبەر ئەوەی دەتوانرێت شوێنی دەرچوونیان بە تەواوی بزانرێت، تەنها شوێنی دەرچووی بۆشایی نێوان گەروو و دەم (الجوف) نەبێت، کە شوێنێکی دیاریکراوی نیە، بەشێوەیەک ناتوانرێت شوێنی دەرچوونیان لە بۆشایی گەروو و دەم (الجوف) دیاریبکریت.






  1. الإطباق ــ سیفەتێکە لە سیفاتی پیتی (ظ) و چەند پیتێکی دی، کە لە بەشی سیفاتی پیتەکان باسی دەکەین.
  2. پیتەکانی (ص)و (س)و (ز) لەپێش (ظ)و (ذ)و (ث) ڕیزبەندکراوە، چونکە کۆمەڵە پیتی یەکەم لەناوەوەی دەم نزیکترە.
  3. جگە لە پیتی (ألف)، بۆ ئەوەی شوینی دەرچوونی بزانین دەبێت پیتی (لام ـ ل)ی بۆ زیاد بکرێت، واتە: دەڵێین (لا)، چونکە پیتی (ألف) کە هەمیشە زەنەدارەوپیتی پێشەوەی لەسەرە (مفتوح)و، لە زمانی عەرەبیشدا پیتی زەنەدار ناکەوێتە سەرەتاوە، بەڵکو پێویستی بە پیتێک هەیە بکەوێتە پێشیەوە، جا زانایانی زمان پیتی (ل)یان لەپێشی (ألف)ەوە داناوە.
  4. مینگە (الغُنَّة) دەنگێکە لە بۆشایی ناوەوەی لووتەوە کە پێی دەگوترێ بڕناخ (الخیشوم) دەردەچێت‌و دەڕوات، وە لەگەڵ پیتی نون و میم دایە.

  5. ـــ دەرچەی دیایکراو (المخرج المُحَقَّق): ئەو ئەو دەرچەیەیە کە پشت دەبەستێ بە بەشێکی دیاریکراو لە بەشەکانی گەروو یان زمان یان لووت.
    ـــ دەرجەی نادیار (المخرج المُقَدَّر): ئەو شوێنی دەرچوونەیە کە پشت نابەستێت بە بەشێکی دیاریکراو، بۆیە لە بۆشایی نێوان گەروو و دەمدا دەردەچێت، کە مەبەست پێی پیتەکانی (مَــــــــــــدّ)ە.